داستانی کۆڕێ ئەو نەبەردیەی ڕژێمی ناچار کرد دانوستان بکات
هەولێر-KDP.info- داستانی کۆڕێ لە سەرەتای نیسانی ١٩٩١ دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پێشمەرگە توانی پێش بە ھێرشی ڕژێمی بەعس بۆسەر کوردستان بگرێت و وەک بەشدارانی ئەو داستانە دەڵێن، باڵانسی ڕەوشەکەی بە قازانجی کورد شکاندەوە.
دوای کۆچی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان لە بەھاری ١٩٩١ ڕژێمی بەعس بە ھێزی زۆر و چەکی جوراوجۆرەوە ھێرشی کردە سەر کوردستان و ھێزی پێشمەرگە لە دەربەندی کۆڕێ توانیان بەرەنگاری ھێزەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە و لە ئەنجامدا داستانی کۆڕێ تۆمار کرا، کە یەکێکە لە سەرکەوتنە مێژووییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.
لیوا ھەڵگورد خدر، فەرماندەی فەرماندەییی سەفین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شەڕێ کۆڕێ لە ڕۆژی ٧ی نیسان دەستی پێ کرد، ئێمە ھێزێکی زۆری سەر بە پارتی لە خانزاد، سەر ڕێگای ھەولێر- پیرمام، ڕووبەڕووی ھێزەکانی ڕژێم بووینەوە و شەڕ لەوێ دەستی پێ کرد، بەڵام دواتر قووڵاییی شەڕەکە کەوتە کۆڕێ."
لیوا ھەڵگورد خدر، ئەوکات جێگری میحوەری کۆڕێ بووە، ڕوونی کردەوە: "شەڕی کۆڕێ تا یازدەی مانگی نیسان درێژەی ھەبوو، دوژمن بە جورەھا چەک ھێرشی بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێ کرد، بەڵام لە دەربەندی کۆڕێ پێشمەرگە گورزی کۆشندەی لە ھێزەکانی ڕژێم وەشاند و ناچار بوون پەنا بۆ دانوستان ببەن."
عەمید مامک بەنانی، بەشداربووی داستانی کۆڕێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھێزەکانی پێشمەرگە جگە لە پارتی، لایەنی دیکەش لە کۆڕێ ھەبوون، بەڵام قورساییی شەڕەکە لەسەر شانی پێشمەرگەکانی پارتی بوو، ئێمە لە سپیلک بووین، دابەزین بۆ کۆڕێ، تا ھاوکاری و پاڵپشتیی ھێزەکانمان بکەین، ئەوکات فەرماندە سەعید ئەحمەد نادر بەرپرسی ھێزی بارزان بوو."
داستانی کۆڕێ بە خوێنی ١١ پێشمەرگەی قارەمان تۆمار کرا، بەڵام زیانەکانی دوژمن زۆر زیادتر بوون لە زیانەکانی پێشمەرگە و جگە لە کوشتنی ژمارەیەک سەرباز، دەیان تانک و زرێپۆش و چەکی قورسی ڕژێم کەوتە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە.
دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی، لیوا ھەڵگورد دەڵێت: "سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەکرد، چەند جارێک لە خانزاد و میحوەر سەردانی کردین، بێگومان ئەو نەبەردیەی پێشمەرگە بەبێ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی تۆمار نەدەکرا."
عەمید مامک بەنانی ئاشکرای کرد: "شەڕی کۆڕێ باڵانسی ھێزی لە بەرژەوەندی پێشمەرگە گۆڕی، چونکە ڕۆژی ١١ی نیسان شەڕێکی گەورە ڕووی دا و زیانی زۆر بە ھێزەکانی دوژمن کەوت، ڕۆژی ١٢ی نیسان ڕژێم لە پیرمامەوە ھەواڵی نارد بۆ ئەوەی دەست بە دانوستان بکرێت لەگەڵ بەرەی کوردستانی، واتە شەڕی کۆڕێ بەرھەمەکەی گەورە بوو."
قائید میرۆ