ڕۆژێک دوای بۆردومانی فڕۆکەخانەی دیمەشق، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی سنووری وشکانی لوبنانەوە دەڕواتە سوریا
2023-10-14 04:14:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژێک دوای ئەوەی میدیاکانی دەوڵەتی سووریا هەواڵی بۆردومانکردنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سوریایان لە دیمەشق و حەلەب بڵاوکردەوە، ، ڕۆژی هەینی، 13ی مانگی 10 "لە سنووری وشکانی لوبنانەوە" سەفەری سووریای کرد. دیپلۆماتکارێک لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت هەواڵەکانی سەبارەت بە گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوریا لە ڕێگای وشکانییەوە پشتڕاست کردەوە و گوتی "وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری وشکانی لوبنانەوە سەفەری سوریای کردووە." ئەڵڵاکەرەم موشتاقی، ڕاوێژکاری سیاسی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئیسرائیل پێیوابوو ئەگەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب بۆردمان بکات، ئەوا دەتوانێت دیپلۆماسیەتی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕابگرێت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دیدار لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی لوبنان و فەلەستین لە بەیروت لە سنووری وشکانی لوبنانەوە سەفەری بۆ سوریا کرد." میدیاکانی دەوڵەتی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل دوو فڕۆکەخانەی گەورەی نێودەوڵەتی وڵاتەکەیان بە مووشەک کردۆتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە فڕۆکەخانەیان داخستووە. سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بە هەوڵەکانی تاران دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە بۆحەماس کە حوکمڕانی کەرتی غەززە دەکات. حکومەتی ئێران کە دوژمنایەتییەکی قووڵی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، خۆشحاڵی بۆ هێرشە لەناکاوەکەی ڕۆژی شەممەی حەماس دەربڕی کە تێیدا هەزار و 300 ئیسرائیلی کوژران.