هەواڵی کوردستان ئێستا

"ئەو شوێنانە باجیان لێ وەرناگیرێت"

"ئەو شوێنانە باجیان لێ وەرناگیرێت"

2020-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە باجدا بکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی باجیش ئاشکرای کرد، حکوومەت لە کاتی وەرگرتنی باجدا بێبازاڕی و قەیرانی نەبوونی بازاڕ لەبەرچاو دەگرێت و ئەو شوێنانەی لە ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆدا داخراون باجیان لێ وەرناگیرێت.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەوە باس لە پرسی باج لەسەر ھەموو شوێنەکان کراوە، پلانەکەش وایە ھەموو ئەو شوێنانەی بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆوە داخراون، ئەو ماوەیە حکوومەت لە باجی ساڵانەیان خۆش دەبێت، بەڵام ھەموو باجەکە ناگرێتەوە، واتە لە ھەمووی خۆش نابێت، تەنیا ئەو ماوەیەی بڕیاری قەدەغە درا، ئەو ماوەیە باجی لێ وەرناگیرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی باج دەڵێت: "کۆی گشتیی ئەو ماوەیەی حکوومەت بڕیاری داوە شوێنەکان دابخرێن، باجیان لەسەر ھەژمار ناکرێت، چونکە باجی ساڵانە وەر دەگیرێت."

د. کەمال وەرتی ڕوونی کردەوە: "دەربارەی باجی زەویوزار ئێمە لەبەرچاومانە، ئەو زەویانەی بەتاڵن و ئەو ماوەیە بێبازاڕی و قەیران کەرتی زەویوزاری گرتووتەوە، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەو زەویانە زیاتر لە کاتی بەناوکردن باجیان لێ وەردەگیرێت و زەوی ھەیە دوای ١٠ ساڵ کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و دەچێتە باج."

قائید میرۆ