هەواڵی کوردستان ئێستا

"كاركردن بۆ ته‌واوكردنی ڕێگای دهۆك بۆ هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌"

"كاركردن بۆ ته‌واوكردنی ڕێگای دهۆك بۆ هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌"

2020-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشیی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كاركردن له‌ ته‌واوكردنی ڕێگای هه‌ولێر بۆ دهۆك به‌رده‌وامه‌ و نیوه‌ی ته‌واو بووه‌ و بەشی زۆری نیوه‌كه‌ی دیكه‌شی ته‌واو بووه‌ و به‌رده‌وامیش كاری تێدا ده‌كرێت تا ته‌واو ده‌بێت و ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕێگایه‌كی ستراتیژییه‌ و پێویسته‌ به‌زوویی ته‌واو بكرێت.

بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سدقی ئامێدی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا هه‌یه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌یه‌، زۆربەی‌ پڕۆژه‌كانی ئێمه‌ به‌رده‌وامن و‌ نه‌وه‌ستاون و له‌ ته‌واوكردندان. ‌ئێستا ته‌واوكردنی ڕێگای دهۆك بۆ هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و له‌ سنووری دهۆك جووتساید گه‌یشته‌ چه‌مه‌ و هاتوچۆشی پێدا ده‌كرێت و كار له ‌پرده‌كه‌ ده‌كرێت به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ و خه‌ریكه‌ پرده‌كه‌ش ته‌واو ده‌بێت، كه‌ هه‌ردوو دیوی هه‌ولێر و دهۆك پێكه‌وه‌ گرێ ده‌دات و شیشڕێژ كراوه‌ و ستوونی بۆ دانراوه‌ و خه‌ریكی سه‌پكردنن."

بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ گوتیشی: "‌ئێستا له‌ دیوی لای هه‌ولێر كار ده‌كه‌ن، له‌وێش كاری زۆر باش كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌خۆشیی كۆرۆنا زۆر قه‌ڵه‌باڵغی دروست ناكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیان به‌ كرێكار و خاوه‌نئامێره‌كانی دروستكردنی ڕێگاكه‌ نه‌كه‌وێت."

سدقی ئامێدی باسی له‌وه‌ش كرد: "له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ری ڕێگاكه‌ قسه‌مان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری بۆ ئه‌ندازیار و كرێكار و خاوه‌نئامێره‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كاری خۆیان بكه‌ن، بۆیه‌ كاری زۆر باشایان كردووه‌ و ئه‌گه‌ر وا بڕوات به‌خێرایی له ‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕێگاكه‌ له ‌دهۆك تا ده‌گاتە‌ هه‌ولێر هه‌مووی ده‌بێته‌ جووتساید."

گوتیشی: "‌ئێستا به‌شی هه‌ره‌ زۆری ته‌واو بووه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیی كرۆنا نه‌بووایه‌ نزیك ده‌بوون له‌ ته‌واوكردن، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت و كاری به‌رده‌وامی تێدا ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی زوو ته‌واو بێت و بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕێگایه‌كی ستراتیژییه‌."

ئامێدی باسی له‌وه‌ش كرد: "‌ئێستا ئه‌وانەی‌ له ‌دهۆكەوە دێن به‌و پرده‌دا دێن بۆ هه‌ولێر و، ڕێگاكه‌ی زۆر نزیك كردووەته‌وه‌."

ئه‌وەیشی خسته ‌ڕوو: "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ڕێگاكه‌ به‌ته‌واوی ته‌واو بكرێت و كاری زۆر باشی تێدا كراوه‌ و قۆناغی باشی بریوه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌ویش ته‌واو ده‌كرێت."

بڵند ئیبراهیم