ئایا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سوریا تاوانی جەنگە؟
2023-10-23 20:40:09 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لەوەتەی هێرشەکانی تورکیا لە مانگی دە بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سوریا زیادیان کردووە، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کوردەکانی سوریا کار لەسەر دەستنیشانکردنی ئەنجامی هێرشەکان دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە و دیاریکردنی تاوانەکانیش وۆرکشۆپی جۆراوجۆر ڕێکدەخرێن. جوان محەمەد، سەرۆکی سەندیکای پارێزەران لە هەرێمی جزیرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پێویستە جەخت لەسەر ئەو تاوانانە بکرێتەوە کە تورکیا ئەنجامی دەدات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان شرۆڤە بکرێن. جوان گوتی: دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو تاوانانەی لە ناوچەکانی ئێمەدا ڕوویانداوە، تاوانی جەنگن کە دەگەنە ئاستی تاوانەکانی شەڕ لە دژی مرۆڤایەتی. تورکیا دەڵێت هێزە کوردییەکان لە سوریا دەکەنە ئامانج و هەوڵی لەناوبردنی سەرچاوەکانی داهاتیان دەدەن. چالاکانی مافی کورد دەڵێن، تورکیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دوو جار تاوانبارە، یەکێکیان لە ئەنجامدانی هێرشی نایاسایی و ئەوی دیکەیان لە ئامانج و ئەنجامی ئەو هێرشانەدا. خالید عومەر، پارێزەر و بەرپرسی فەرمانگەی بێسەروشوێنبووان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "یاسای نێودەوڵەتی هێرشەکەی تورکیا کاتێک بە شەرعی دەزانێت کە لە دۆخی بەرگریدا بێت، واتە کاتێک هێرش لە سوریا بۆ سەر تورکیا کرابێت. بەڵام ئەوە وا نییە، چونکە هێرشەکە بە تاوانی دەستدرێژی وەسف دەکرێت." مافناسان پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ماددەی چوارەمی پرۆتۆکۆڵی جنێڤ، تورکیا لە هێرشەکانی مانگی دەدا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. جوان عیسۆ، پارێزەر و ئەندامی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێ کانی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی: بە پێی پرۆتۆکۆڵی جنێڤ و چەندین ڕێککەوتنی فرەلایەنەی دیکە کە تورکیا واژۆی کردوون، ئەم هێرشە بۆ سەر سورییەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. لە لایەک جوڵەی یاسایی کوردەکانی سوریا چالاک بووە و لە لایەکی دیکەشەوە میکانیزمی کردنەوەی دۆسیەکان لە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە. شارەزایان باس لەوە دەکەن کە تورکیا خۆی هەندێک پرۆتۆکۆڵی مافی مرۆڤی واژۆ نەکردووە، بۆیە ئەستەمە بتوانرێت ئەم دۆسیانە بگەیەنرێتە دادگا نێودەوڵەتییەکان. بەڵام پارێزەران دەڵێن لانیکەم لەم قۆناغەدا پێویستە تاوانەکان و تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکرێن.