وەزارەتی بەرگری سوریا: لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب هەشت سەربازی سوریایی کوژراون
2023-10-25 18:18:07 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 8 سەرباز لە باشووری سوریا کوژراون و دەڵێت پاشان هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی حەلەب و ئەمە چوارهەم هێرشبووە لە ماوەی دوو هەفتەدا. ئیسرائیل ڕایگەیاند، یەکەم هێرشی ئاسمانی وەڵامدانەوەی هێرشی موشەکەکان بووە لە لایەنی سوریاوە. پاشان پاش چەند کاتژمێرێک، هێزەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبیان لە باکووری سوریا کردە ئامانج. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە زیادیان کردووە. ئەم شەڕە لە 7ی مانگی دەوە سەریهەڵدا، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 220 بارمتەیان ڕفاند و هەزار و 400 کەسی دیکەش کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون. ئەمەش کوشندەترین هێرش بوو لە مێژووی ئیسرائیلدا و بووە هۆی هەڵمەتێکی بۆردومانی توندی ئیسرائیل کە فەرمانڕەواکانی حەماس لە غەززە دەڵێن تا ئێستا شەش هەزار و 547 کەسی کوشتووە کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیلن. بەردەوامی هێرشە موشەکییەکان و پێکدادان لە سەر سنووری باکووری ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵا و گرووپە فەلەستینییە هاوپەیمانەکانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، نیگەرانییەکانی لە ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی نوێ بەدوای خۆیدا هێناوە. هەروەها لە هەفتەی ڕابردووشدا چەندین جار لە باشووری سوریا پێکدادان لە نێوان چەکدارانی لایەنگری حزبوڵا و ئیسرائیل ڕوویداوە. وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند " ئیسرائیلی دوژمن هێرشێکی ئاسمانی لە بەرزاییە داگیرکراوەکانی گۆلانەوە ئەنجام داوە هەشت سەرباز کوژران و حەوتی تریش برینداربوون." ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ژمارەی کوژراوەکان 11 ەرباز بوون کە چواریان ئەفسەر بوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان "کۆگاکانی چەک و ڕادارێکی بەرگری ئاسمانی سوریایان لەناوبردووە و هەروەها یەکەیەکی پیادەیان کردووەتە ئامانج." ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕوانگەکە ڕایگەیاند، چەکدارانی سەر بە حزبوڵا، کە لە شەڕی سوریادا پشتیوانی لە هێزەکانی ڕژێم دەکەن "دوو موشەکیان لە پارێزگای دەرعەوە بەرەو بەرزاییەکانی جۆلان هەڵداوە." سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ژێرخانی سەربازی و تۆپخانەکانی سەر بە سوپای سوریایان داوە لە کاردانەوە بەرامبەر بە هەڵدانی ئەو مووشەکانە بەرەو ئیسرائیل". سەرچاوە: فرانس پرێس