مووچەی چاودێریی خێزان بە سیستەمی نوێ دەست پێ دەکرێتەوە
ههولێر-KDP.info- بەھۆی قەیرانی داراییەوە پێشتر دابەشکردنی مووچەی تۆڕی چاودێریی خێزان لە ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێ، بەپێی سیستەمێکی نوێ پلانیان ھەیە دووبارە مووچە بۆ خێزانە بێسەرپەرشتەکان بگەڕێننەوە.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پلانی ھەیە بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان بۆ ئەو خێزانانەی بێسەرپەرشتن و بڕیارە بە سیستەمێکی نوێ دەست بە دابەشکردنی مینحەی مانگانە بۆ ئەو خێزانانە بکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "بەپێی ڕاپۆرتێکی بیانی لەبارەی سوومەندبوانی تۆڕی چاودێریی خێزان لە قۆناغی پێشوودا کە ٨٠ ھەزار کەس سوودمەند بوونە، زۆربەیان پێویستیان بەو ھاوکارییە نەبووە و تەنیا ١٢%ی خێزانەکان پێویستیان بەو ھاوکارییەی حکوومەت ھەبووە."
ئاریان ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "وەزارەت خەریکی پلانی نوێیە و بەپێی ھەندێ مەرج مینحە بەو خێزانانە دەدرێت، کە مەرجی سەرەکی بریتییە لەوەی کە خێزانەکە سەرپەرشت، واتە باوکی نەبێت و مەرجی دووەم ئەوەیە ئەگەر منداڵەکانیان لە خوێندن دابڕان، بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە، دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر پێدانی مینحەی مانگانە دەدرێت."
قائید میرۆ