هەڵسەنگاندنێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
2023-10-30 21:12:10 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە 2011 وە، کوردەکانی سوریا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریان لەو ناوچانە پێکهێناوە. سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییەکە، بە تایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش و هێرشی بەردەوامی تورکیا و تەنانەت هەندێک جار پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە کارەکانی و ناوچەیەکی فراوان بەڕێوەدەبات و خەڵکێکی زۆر پشتیوانی دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو خەڵکانەش کەم نین کە ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەگەرن. دەپرسین: دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جیاوازی لەگەڵ پێشتر چییە؟ کورد لەو ناوچانە توانیوێتی چی بەدەست بهێنێت؟ هەتا چەند دەتوانن سوود لە ئەزمونی 33 ساڵەی حوکمڕانی کوردانی عێراق وەربگرن؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ هەڵسەنگاندنێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان : دکتۆر جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان. نیعمەت داود، ئەندامی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە). ئەسعەد شاوری، چاودێری سیاسی لە هەرێمی کوردستان. جاویدان کەمال: "بە درێژایی ئەو کێشەیەی سوریا، ئێمە هەوڵماندا سیستمێکی خۆسەری دیموکراتی بە بەشداری هەموو لایەنەکان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکبهێنین، داواکاریشبووین کە سوریایەکی ناوەندی تێدا دابمەزرێت کە مافی هەموو پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت، لەگەڵ ئەوەی گەلی خۆمان دەپارێزین بەردەوام ڕوبەڕوی داعش و تورکیاش بوینەتەوە هەر بۆ پاراستنی گەلانی خۆمان، جیاوازی ئێستا لەگەڵ پێشتر کە ئەم ناوچانە لەژێر دەستی حکومەتی سوریا بوو، ئەوەیە کە ئێستا هەموو پێکهاتەکان مافیان پارێزراوە، بە زمانی خۆیان دەخوێنن بەشدارن لە ئیدارەدان و دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان." "لە سەرەتای دروستکردنی ئەم سیستمەوە ئێمە پەیوەندیمان بە هەموو لایەن و پێکهاتەکان کرد، بەڵام بەشێکییان بە پاساوی جۆراو جۆر نەهاتن، هەیانبوو پێیان وابوو ئەم سیستمە بەردەوام نابێت، بەڵام دەبینین ئێمە هەتا ئێستاش بەردەوامین و خزمەت دەکەین، تەنانەت ئەگەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەراورد بکەیت بە ناوچەکانی تری سوریا ڕەنگە باشترین دۆخ، دۆخی ڕۆژئاوایە، ئەو لایەنانەش کە نەهاتوون ئێمە هەتا ئێستاش دەرگامان هەمیشە کراوەن و دەتوانن بێن و بەشداربن لە فراوانکردنی ئەو سیستمە." "بە دەیان حزبی تر لە هەموو نەتەوە و دینە جیاوازەکانی تر، تەنانەت دەیان کەسی تر لە ئەنەکەسە کە پێشتر لەوێدابوون ئێستا هاتوون لە ئیدارەی ڕۆژئاوادا بەشدارن، باشە تورکیا عەفرینی داگیرکردووە ئایا ئەنەکەسە هیچ ڕۆڵی هەیە بە قسە لە دەستی ئێمە و سوریا ڕزگار کراوە؟! ئەوان ئامادەنین بێن مافی گەلی کورد و ڕۆژئاواش بپارێزن دانیشتوون تەنها بە تەمان مافەکانیان بێنە بەردەست نایانەوێت بەشداربن." "ئێمە شۆڕشێکمان کردووە و دەرفەتە خوێندنمان کردووە بە زمانی کوردی و سریانی و زمانەکانی تر، ئەوان دەڵێن نابێت خوێندن بە زمانی کوردی بێت، چونکە دان بەو خوێندنە ناکرێت، ئەی ئێمە دەڵێین خەباتی ئێمە بۆ ئەوەیە سوود لە دەرفەتەکان وەرگرین خۆ تەنانەت ئەوان دان بەکوردیشدا نانێن، ئێمە خۆمان بە ئەنەکەسەمان وتووە فەرموون وەرن بەشداربن، ناوچەکە خۆی ئێستا لە گۆڕانکاری گەورەدایە نەک تەنها لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە هەر چوار پارچەکە دەبێت کورد یەک دەنگ بێت و ناکرێت دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵی ڕێککەوتنی لۆزان جارێکی تر ڕێککەوتنێکی تری هاوشێوە بە سەرماندا بسەپێنن." "ئەنەکەسە نایەن، ئێمە دەڵێین وەرن لە هەڵبژاردن بەشداربن، ناتانەوێت بێنە ناو ئیدارە، وەرن ببنە ئۆپۆزسیۆن ئێمە سیستمەکەمان سیستمێکی دیموکراتیمان دروستکردووە و پێمان خۆشە بێن لەگەڵمان ئەو سیستمەی دامانزراندووە بەهێزی بکەن." "ئێمە دەڵێین با یەک هێزی یەکگرتوو هەبێت ، نەک ئەوانیش بێن بەهێزێکەوە ببنە دوو هێز، نامانەوێت وەک هەرێمی کوردستانی لێبێت، ببێتە فرە هێزی. بە ڕاستی ترسمان لەوە هەیە هاوپەیمانانیش ئەوە قبوڵ ناکەن." نیعمەت داود: "ئێمە وەک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریا بەشداربووین لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی ئیدارەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوبەشی و پێکەوە، بەداخەوە پەیەدە ڕێگەی نەدا ئەو ڕێککەوتنانە بۆ چەندین جار جێبەجێبکرێن و بە ویست و سیاسەتی خۆی دەیویست بیسەپێنێت بەسەر ئێمەشدا بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارە، ئێمە وتومانە چەندین خاڵ هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و بەشداری ئیدارە بە بەشداری ڕاستەقینە، دواتر لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان بەداخەوە پەیەدە هێرشێکی ناڕەوای کردە سەرمان و پەلاماریان داین و تۆمەتباریان کردین بە خیانەت و وتیشییان هێزی ڕۆژ هێزێکی بەکرێگیراوە، بۆیە تەواوی ڕێککەوتنەکە وەستا، ئێمە هەرچەندە تێبینی زۆرمان لەسەر ئیدارەی ڕۆژئاوا هەیە چونکە نوێنەرایەتی کورد ناکات، وە سیاسەتی تاکە لایەنێکی تێدا جێبجێدەکرێت کە سیاسەتی پەیەدەیە و ڕێگە بە شەراکەتی ڕاستەقینەی ئێمە نادەن." "ئێمە هیچ کات نەمانوتووە کە هێز دەهێنینەوە بۆ ڕۆژئاوا، ئەسڵەن خۆی ئەوە خاڵی گفتوگۆی ئێمە بوو کە یەک هێز هەبێت لە ژێر ئیدارەیەکی هاوبەشی ڕاستەقینە، هیچ کات نەمانوتووە ئێمەش لەشکری ڕۆژ دەهێنینەوە ڕۆژئاوا، دەڵێن دەستور هەیە کام دەستور ئەوە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و حزبێک سەپاندویەتی." "بە ڕاستی هەرێمی کوردستان ئەزمون و نمونەیەکی جوانی هەیە، دانپێدانانی دەستور و نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام ئیدارەی ڕۆژئاوا هیچ لەوانەی نییە، تەنانەت ناوچەی ئەمەریکایە، سبەی ئەمەریکا بکشێتەوە ئەو ئیدارەیەش نامێنێت کە ئێمە چەندین جار وەەک ئەنجومەنی نیشتمانی ئەمەمان بە پەیەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا وتووە." "دوای ئەوە خوێندنیان کردووە بە زمانی کوردی، بەڵام لە هیچ شوێنێکی سوریا و دەرەوەی سوریاش بڕوانامەی ئەو خوێندنە دانی پێدانانرێت، دوای دە ساڵی تر هیچ کەسێکمان نامێنێت لە بواری پزیشکی و بواری زانستییەکان، چونکە ئەوان هەتا پۆلی دوانزەیان زمانی خوێندنییان گۆڕیووە کە لە هیچ شوێنێک دانی پێدانانرێت." "دوای ئەوە بۆ بابەتی تورکیا ئێمە چەندین جار ئیدانەی هێرشی تورکیامان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی کردووە، بەڵام بەداخەوە بڵێم پەکەکە لە ڕۆژئاوا بونیان هەیە، خەڵک خۆپیشاندان دەکات دژی تورکیا بۆ ئازادی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکە و ڕەسمی ئۆجەلان لەگەڵ هی پەیەدە بەرز دەکەنەوە." ئەسعەد شاوری: "لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی سوریا لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نەک دان بە مافی کورددا نەدەنرا، بەڵکو تەنانەت کورد ناسنامەی نەبوو، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کوردەکان توانیوییانە لە ڕۆژئاوای کوردستان نمونەیەکی جوانی پێشکەوتن پیشانی جیهان بدەن، هەر لە بەشداری ژن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و ڕێزگرتن لە مافی پێکهاتەکان، دەستور هەیە کە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق زیاتر لە 30 ساڵە کورد حوکم دەکات کەچی دەستوری خۆی نییە، لە ڕۆژئاوا هەر نەتەوە و بە زمانی خۆی دەخوێنێت، ئەم ئیدارەیە بۆتە جێی شانازی نەک تەنها بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بەڵکو بۆ کوردانی هەموو پارچەکانی تریش." "خۆم چەندین جار چوومەتە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەندەی لە نزیکیشەوە ئاگاداربم، ئەوەیە کە ئیدارەی ڕۆژئاوا قبوڵی نییە دوو هێز هەبێت هەتا هاوپەیمانی دژی داعشیش قبول ناکات، برادەرانی ئەنەکەسەش نەبەشداری هەڵبژاردنیان کردووە نە هیچ، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لەشکری ڕۆژ وەک لەشکرێکی چەکداری بچێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەمە قبوڵ نییە". "ئەنەکەسە ڕێک دەیەوێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە بۆ ڕۆژئاوا هەمان کۆپی و مۆدێلی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ببەنەوە ڕۆژئاوا." "من پێم وایە ڕۆژئاوای کوردستان وانەی لە هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە وەرگرتووە کە ئەوەی هەرێم کردویەتی ئەوان نەیکەنەوە، ئەگەر بیانەوێت سوود لە ئەزمونی هەرێم وەربگرن دەبێت موچە بکەن بە چوار مانگ و دەرگای قوتابخانەکان دابخەن، بۆیە من پێم وایە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت لەو ڕووەوە چاو لە هەرێم نەکات کە هەرچی هەرێمی کوردستانی عێراق کردویەتی لە حوکمڕانی ئەوان نەیکەنەوە چونکە ئاوا سەرکەوتوو دەبن."