هەواڵی کوردستان ئێستا

کەرەنتینەکردنی شارۆچکەی خەلیفان کۆتاییی ھات

کەرەنتینەکردنی شارۆچکەی خەلیفان کۆتاییی ھات
کەرەنتینەکردنی شارۆچکەی خەلیفان کۆتاییی ھات

2020-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


خەلیفان.KDP.info- ئەمڕۆ، دووشەممە، 13 نیسانی  2020، دوای 14 ڕۆژ، کەرەنتینەکردنی شارۆچکەی خەلیفان کۆتاییی ھات و ئەنجامەکانی  ڤایرۆسەکە جێگای دڵخۆشین، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان دەڵێت، خۆشبەختانە ئەنجامەکانی پشکنینی دوێنێ ھەمووی پاک دەرچوون و ھیچ کەسێک ھەڵگری ڤایرۆسەکە نەبووە. سەبارەت بە دۆخی ئەو کەسانەی لە  سنووری ناحیەی خەلیفان توش بوون، گوتی، ئێستا چاک بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە نێو خانەوادەکانیان.

کاروان کەریم خان گوندەژۆری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "جێگای دڵخۆشییە ئەمڕۆ دووشەممە، کەرەنتینەکردنی شارۆچکەی خەلیفان کۆتاییی ھات، سەرەڕای ڕێکارە تۆکمەکانی حکوومەت لەرووی ئەمنی و تەندروستییەوە، چاودێریکردنی توند و تۆکمەی بازاڕ، بەڵام ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھاونیشتمانیانی ناحیەی خەلیفان و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان و ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، بووە ھۆکاری ئەوەی لەم  قۆناغەدا سەرکەوتن بەدەست نهێنین."

کاروان کەریم خان گوندەژۆری ئەوەیشی ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی سەرکەوتن لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بەسەر پەتاکەدا ڕادەگەیەنرێت."

ناوبراو دەشڵێت: "خەلیفان دەتوانێت نموونەیەک بێت بۆ شوێنەکانی تری شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان تا بتوانین بەسەر ئەم قۆناغەی ئێستادا زاڵ بین ."

کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خەلیفان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕۆژانە تیمەکانی تەندروستی، 24 کاتژمێر لە ئەرکدا بوون بۆ پاراستنی تەندروستیی ھاووڵاتیان و سوپاسی  خۆڕاگریی ھاووڵاتیان دەکەین، کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ھاوکاری حکوومەت بوون بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم  ڤایرۆسەدا."

بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشانەی خەلیفان گوتیشی: "لە ماوەی 14 ڕۆژدا نزیکەی750  پشکنین بۆ ھاووڵاتیانی سنووری ناحیەی خەلیفان ئەنجام دران، خۆشبەختانە ھەموویان پاک دەرچوون."

کاروان شێرزاد ئەوەیشی خستە ڕوو: "داواکارین لە تەواوی ھاونیشتمانیانی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی حکوومەت بکەن و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەن تا بە زووترین کات قۆناغی سەرکەوتن بەدەست بێت."

شارۆچکەی خەلیفان دەکەوێتە سەر ڕێگای ھامڵتۆن و سەر بە قەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ژمارەی دانیشتووانی ٤٠ ھەزار کەسە، ڕۆژی 30-3-2020 بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەرەنتین کرا، بەھۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا، تا ئێستاش نزیکەی 750 پشکنین لەو شارۆچکەیە کراوە، ھەموویان نێگەتیڤ بوون."

سیروان سابیر