هەواڵی کوردستان ئێستا

"چەکدارانی داعش لە شنگال تا خانەقین خەریکی خۆڕێکخستنەوەن"

"چەکدارانی داعش لە شنگال تا خانەقین خەریکی خۆڕێکخستنەوەن"

2020-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە سنووری قەزای مەخمووریش چەکدارانی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و بەرپرسێکی پارتیش پێی وایە، ئەگەر زوو چارەسەری سەرھەڵدانەوەی داعش نەکرێت، مەترسییەکەی زۆر گەورەیە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جووڵەی داعش لە شنگال تا داقووق و خانەقین دەستی پێ کردووە و ئێستا خەریکی خۆڕێکخستنەوەن. ڕۆژانی ڕابردوو دوای دەستپێکردنەوەی جووڵەکانیان چەکدارانی داعش دوو سێ جار ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و، لە ناوچەکانی مەخمووریش، بەتایبەتی لە ناحیەی قەراج، داعش خۆی ڕێک دەخاتەوە و ھەست دەکەین جووڵەیان زیادی کردووە."

بەرپرسەکەی پارتی لە مەخموور دەڵێت: "ئەگەر چەکدارانی داعش زوو چار نەکرێن، ئەوە نایشارینەوە کە مەترسییەکە زۆر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە گەورەترە، لەبەر ئەوەش، لە ھەموو لایەکەوە لە ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمان داوا کراوە تا زوو مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە مەترسییە گەورەکەی داعش ھەر ماوە."

دەربارەی داعشەکانی سنووری مەخموور، عەبدڵڵا گوتی: "زیاتر خەڵکی ناوچەکەن کە پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن، خەڵکی بیانیی تێدایە و خەڵکی ناوچەکەش لەنێو گرووپی تیرۆریستیی داعشدا پشکی شێریان بەردەکەوێت."

کرمانج عەبدوڵڵا جەختی کردەوە: "ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی ھێزی پێشمەرگەدان کۆنتڕۆڵ کراون و داعش ناتوانێ تێیاندا جووڵە بکات، بەڵام ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی حکوومەتی فیدڕاڵن، یان ھەندێ ناوچە ھەن کە بوشاییی ئەمنییان تێدا ھەیە و داعش تێیاندا بەھێزە و ئەو ناوچانە مەترسییان لەسەرە، بەداخەوە ھێزەکانی عێراق وەک پێویست نەیانتوانیوە ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکانیان بپارێزن."

قائید میرۆ