هەواڵی کوردستان ئێستا

هه‌ڵه‌بجه‌..تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دامه‌زرا

هه‌ڵه‌بجه‌..تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دامه‌زرا
هه‌ڵه‌بجه‌..تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دامه‌زرا

2020-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەڵەبجە-KDP.info-   له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ تاقیگه‌ی تایبه‌ت به‌ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا داندرا و، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ پشكنینی كۆرۆنا بۆ هه‌ڵگرانی ڤایرۆسه‌كه‌ و گومانلێكراوان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

دكتۆر ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوەبه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی  هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌سه‌ر بوودجه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، کە‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ته‌رخان كراوه‌، تاقیگه‌ی كۆرۆنا دامه‌زرا كه‌ نزیكه‌ی 200 ملیۆن دینار تێچووه‌كه‌ی بووه‌".

ئازاد مسته‌فا ده‌ڵێ: "له‌ ئه‌مڕۆوه‌ پشكنینی كۆرۆنا له‌ تاقیگه‌ی كۆرۆنا له ‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و نه‌ نێردراون بۆ سلێمانی، كارمه‌نده‌كانمان له‌ سلێمانی له‌سه‌ر ئامێره‌كه‌ ڕاهێنانیان پێ كراوه‌ و له ‌كاتی كارپێكردنی تاقیگه‌كەدا‌ چه‌ند كارمەندێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی سلێمانییەوە هاتن له‌گه‌ڵ كارمه‌نده‌كانی خۆمان پشكنیینه‌كانیان ده‌ست پێ كرد، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سلێمانی".

"ئامێری پشكنینی كۆرۆنا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كان بۆ ده‌رخستنی نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسی و به‌كتریاییه‌كان. له‌ قاوشه‌كانی كۆرۆنا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 12 نه‌خۆش ماوه،‌ 8 نه‌خۆش په‌تای كۆرۆنایان په‌ڕاندووه‌ و  نه‌خۆشخانه‌یان به‌جێ هێشتووه." ئازاد مسته‌فا وای گوت.

ناوبراو زیاتر گوتی: "پاڵپشت به‌ قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ ده‌توانین بڵێین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌رده‌كه‌وین به‌سه‌ر كۆرۆنادا، چه‌ند ڕۆژێكه ‌نه‌خۆشی نوێ تۆمار ناكرێت، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی له‌ناو قاوشه‌كاندان ته‌ندروستییان زۆر باشه‌ و‌ ڕێژه‌ی چاكبوونه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین پابه‌ندبوون به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان كۆرۆنا تێ ده‌په‌ڕێنین".

عه‌زیز ڕه‌سووڵ