ئەمەریکا دەڵێت هاوپەیمانییەکی نوێی سەر بە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر سەربازەکانی لە عێراق و سوریا پێکهێنراوە
2023-11-04 19:34:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
گۆڤارێکی هەواڵی هەفتانەی ئەمەریکا بە ناوی نیوزویک بڵاوی کردوەتەوە کە هاوپەیمانییەکی نوێ لەو میلیشیایانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، دەستیان هەبووە لە زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییە بۆسەر هێزە ئەمەریکاییەکان کە لە عێراق و سوریا جێگیرکراون. گروپێک لە ژێر ناوی بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق ڕۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە ڕایگەیاندوە لە هەفتەی داهاتووەوە قۆناغێکی "چڕتر و بەرفراوانتر" لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی بنکە ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکە دەستپێدەکات. لە بەیاننامەکەی ئەو گرووپەدا هاتووە کە ئەو کارەیان " بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمانە لە خاکی فەڵەستین و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدانە " لە شەڕی بەردەوامی ئیسڕائیل و حەماسدا. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەو گرووپە زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر بنکە ئەمەریکاییەکان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و هەندێک سەربازانی ئەمەریکایی برینداربوون. بەگوێرەی پێنتاگۆن، تا ڕۆژی سێشەممە 31ی مانگی دە، 27 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجامدراوە و ئەمەریکاش 300 سەربازی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی. دوای شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردووە، ئەمەش مەترسیی پێکدادانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە. بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەوانە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و کامێلا هەریس جێگری سەرۆک کۆمار، سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ فراوانکردنی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە هۆشدارییان داوە. جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC News کە ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا، گوتی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە بە وەکالەتەکانی." ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەربازە ئەمەریکاییەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بوون، گوتی، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، جۆو بایدن پێشتر ڕایگەیاندبوو، وەڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە بە وەکالەتەکانی دەدەینەوە. سولیڤان بە ئاماژەدان بە وەڵامدانەوەی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و بریکارەکانی، گوتی " پێموایە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پەیامی ئەمەریکا لەو پێوەندییەدا تێدەگەن و "بێگومان وەریدەگرین ". گوتیشی" ئێمە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان و زیادکردنی وریاییمان و هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە ناوچەکەدا دەگرینەبەر." ئەمەریکا، کەنەدا، بەڕیتانیا، یەکێتی ئەوروپا، ژاپۆن، ئوسترالیا، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکە جیهادی ئیسلامی و حەماسیان خستووەتە لیستی ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە. سەرچاوەکان/ نیوزویک/ ئەی پی