عیرفان کەرکوکی: لە ترسی دەستگیرکردن ناتوانم بڕۆمە کەرکوک
2023-11-05 20:06:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لەکاتێکدا پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی گەلی تورکمانی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، بەڵام پارتی گەڕایەوە بۆ کەرکوک بێ ئەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە تورکمانییە ڕادەست بکرێنەوە. سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانیش جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ناتوانێت لە هەولێرەوە بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە، چونکە ترسی ئەوەی هەیە دەستگیربکرێت. عیرفان کەرکوکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، لەبارەی هۆکاری وەرنەگرتنەوەی بارەگاکانی حزبەکەی لەکەرکوک لە کاتێکدا یەکێکبوو لە مەرجەکانی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو پارێزگایە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕاستە بارەگاکانی ئێمە یەک پاکێج بوو لەگەڵ ئەوانەی پارتی، بەڵام چارەنوسی بارەگاکانی ئێمە نادیارە، بەفەرمی وەڵامم لەسەر ئەم مەسەلە وەرنەگرتووەتەوە." پارتی گەلی تورکمانی، بە هێزێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەژمارد دەکرێت، سەرۆک و هەندێک لە سەرکردەکانی لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکیان بەجێهێشتووەو لە هەولێر گیرساونەتەوە. عیرفان کەرکوکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو لە لیستی برایەتی کە لیستی لایەنە کوردییەکان بوو، خاوەنی 26 کورسی بوون لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنەکە. سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، نایشارێتەوە کە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و ترسی ئەوەی هەیە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیربکرێت. عیرفان کەرکوکی، دەڵێت،"بارەگای حزبەکەم، خانووی خۆم و کوڕم لەلایەن حەشد و عەسایبی ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەباوە داگیراوە. ئەوان تەماعیان کردووەتە موڵک و ماڵەکەم، چۆن تەماع ناکەنە سەر ژیانم، هۆکارەکەشی هەڵوێستە سیاسییەکانمە." هەروەها وتیشی،"هەرکات موڵک و ماڵەکەم ڕادەستکرایەوە، ئەوکات نیەت باشی بەرامبەر خۆم و حزبەکەم بەدی دەکەم. بەتایبەت خانووەکانم کە موڵکی شەخسین" سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، حەشدی شەعبی تۆمەتباردەکات بەوەی دەستی گرتووە بەسەر دوو بارەگای حزبەکەی و دوو موڵکی خۆیدا لە کەرکوک، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن، موڵک و خانووەکان هی حکومەتی عێراقن و لەساڵی 2003 دەستییان بەسەردا گیراوە، نەک موڵکی حزب و هیچ کەس و لایەنێک. لەبەرامبەردا عیرفان کەرکوکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، موڵکەکان تاپۆی فەرمییان هەیە و موڵکی کەسین، لە دادگای هەولێر و بەغدا بۆ وەرگرتنەوەیان سکاڵای تۆمار کردووە. سیاسەتی پارتی گەلی تورکمانی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردووی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا جیاوازبووە لە حزب و لایەنە تورکمانییەکانی تر، لەکاتێکدا لایەنە تورکمانییەکان لە ژێر چەتری بەرەی تورکمانیدا کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەم لایەنە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا هاوپەیمان بووە. عیرفان کەرکوکی، دەڵێت"بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاوپەیمانێتیمان ئەنجامداوەو کاندیدمان لە نێو لیستەکەیاندا هەیە." ئەو وتیشی،"بارەگامان لە کەرکوک نییە، بەڵام لایەنگرو جەماوەرەکەمان لەکەرکوکن، بۆیە بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن قورس دەبێت بۆمان." بڕیارە لە ڕۆژی 18ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕۆژی یەکشەمە بارەگاکانی لە شاری کەرکوک وەرگرتەوە و خۆی بۆ چڕکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە دەکات.