"لە کەرکووک شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی دا"
کەرکووک -KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی عێراق و بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی داوە.
سەرچاوەیەک لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە گوندی سماقی سەر بە قەزای داقووق داعش ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی عێراق و شەڕێکی توند لە نێوان ھەردوولا ڕووی دا."
ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ببرێت، دەڵێت: "لە ئەنجامی شەڕەکەی ئەمڕۆی قەزای داقووق، ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق کوژران و بریندار بوون و، چوار چەکداری داعشیش کوژراون."
نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کردبوو: "داعش لە کەرکووک و دەوروبەری خەریکی جووڵەن و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن."
لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک ئەمە بۆ جاری پێنجەمە کە داعش ھێرش دەکاتە سەر ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
قائید میرۆ