هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی رێگاكاكانی دەرەوەی شارەكان دەست پێدەكات
هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی هەڵمەتێك دەست پێكرا بۆ ئەوەی هەر شوێنێك لە شەقامەكانی ناوشارەكان تێكچووبێت نۆژەن بكرێتەوە، بڕیارە ئەو شەقامانەی دەرەوەی شارەكانیش، كە بە هۆی لافاو و بارانی زستانەوە تێكچوونە، نۆژەن بكرێنەوە.
سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە سەرجەم رێگاكانی ناوشار، ئەوانەی كە تێك چووبوون، نۆژەن كردەوە، چونكە دەرفەتێك بوو بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە و توانرا بە ئاسانی ئەو كارە بكرێت و، كارەكەش لە زۆرینەی شوێنەكان تەواو كراوە".
ئامێدی گوتیشی: "دوای نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی ناو شار، نۆژەنكردنەوەی رێگاكانی دەرەوەی شار، كە ئەركی وەزارەتەكەی ئێمەیە، بڕیار دراوە ئەوانەی بە هۆی لافاو و بارانی ئەم زستانەوە تێكچوونە، ئەوانیش نۆژەن بكرێنەوە".
دەشڵێ: "ئەگەر بە هۆی نەخۆشیی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە نەبووایە، تا ئێستا چەندین پڕۆژەی گرینگمان ئەنجام دەدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، تەواوكردنی چەندان پڕۆژەی رێگاوبان بەردەوامە".
بڵند ئیبراهیم