هەواڵی کوردستان ئێستا

خۆشناو: ئومێد دەكەین هەموومان هاوكاربین تا پڕۆژەیاسای چاكسازی‌ ببێت بە یاسا

خۆشناو: ئومێد دەكەین هەموومان هاوكاربین تا پڕۆژەیاسای چاكسازی‌ ببێت بە یاسا
خۆشناو: ئومێد دەكەین هەموومان هاوكاربین تا پڕۆژەیاسای چاكسازی‌ ببێت بە یاسا

2019-12-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی كرد و سیفەتی بەپەلەی پێ دا و ڕەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كاری لیژنەكان بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت و دەمانەوێت لە كورتترین ماوەدا پڕۆژەیاسای چاكسازی ببێت بەیاسا.

لەبارەی كاری لیژنەكان و هەنگاوی داهاتووی پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، ئومێد خۆشناو، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی كرا و سیفەتی بەپەلەی پێ درا و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرا، ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و كارەكانی باش دەڕوات، هیچ خەمساردییەك لە هیچ لیژنەیەك هەستی پێ نەكراوە، دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتی سەرجەم لیژنەكان، ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكرێت و ئینجا سەرۆكایەتیی پەرلەمان وادەی كۆبوونەوەی داهاتوو دیاری دەكات بۆ خوێندنەوەی دووەم‌‌".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕاشیگەیاند: "رێكاری پەیڕەوی ناوخۆ وایە، سیفەتی بەپەلە بە هەر پڕۆژەیاسایەك بدرێت، دەبێت لە ماوەی هەفتەیەكی كاركردندا لیژنەكان كارەكانیان تەواو بكەن، چاوەڕێ دەكەین لە كاتێكی نزیكدا كاری لیژنەكان تەواو بێت و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە بكرێت، هەرچەندە هەندێك لە لیژنە كارەكانیان تەواو كردووە، بەڵام ئەو لیژنانەی كارەكانیان زیاترە وەكو لیژنەی دارایی، پێویستیان بە كاتی زیاترە".

خۆشناو گوتیشی: "لە 1 ی 1ی 2020 دەچینە پشووی زستانەی پەرلەمان كە دوو مانگە، بەڵام رێكاری پەیڕەوی هەیە دەتوانین پشووەكە كورت بكەینەوە،‌ بە دڵنیاییەوە ئەگەر كارەكانی پڕۆژەیاسای چاكسازی تەواو نەبێت و ئەو وادەیەی كە پێویستمان پێ بێت هەوڵ دەدەین پشووەكە كورت بكەینەوە تا پڕۆژەیاسای چاكسازی تەواو دەبێت".

"بەردەوام كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان هەیە لە پشتی لیژنەكان و گفتوگۆمان بەردەوامە، چەندین كۆبوونەوەمان كردووە بە تایبەت فراكسیۆنەكانی پێكهێنەری حكوومەت، دوای تەواوبوونی كاری لیژنەكانیش كۆبوونەوەی گشتیی سەرجەم فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئامادەكاری باشتر بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاساكە." خۆشناو وای گوت.

دەشلێت: "وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیارین لە كورترین ماوەدا ئەو پڕۆژەیاسایە ببێت بەیاسا و، ئومێد دەكەین هەموو لایەكمانیش هاوكار بین".

شایانی باسە رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بە كۆی دەنگ پڕۆژەیاسای چاكسازیی پەسەند كرد، كە لە هەشت بەش و 19 ماددە پێك هاتووە، رۆژی پێنجشەممە (١٢-١٢-٢٠١٩)، پڕۆژەكەی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد و هەفتەی ڕابردووش رۆژی دووشەممە (16-12-2019) پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد.

 

نەشوان بەرزنجی