هەواڵی کوردستان ئێستا

کارکردن لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەستی پێ کردەوە و کۆتاییی ئەمساڵ بەشێکی تەواو دەبێت

کارکردن لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەستی پێ کردەوە و کۆتاییی ئەمساڵ بەشێکی تەواو دەبێت
کارکردن لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەستی پێ کردەوە و کۆتاییی ئەمساڵ بەشێکی تەواو دەبێت

2020-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- بەهۆی ڕێنوێنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پشووی فەرمی، کارکردن لە شەقامی ۱٥۰ مەتریی هەولێر وەستا، بەڵام ئێستا كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی ھەولێر، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەستی پێ كردووەتەوە و سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەبێ ڕەچاوی پابەندبوون بە ڕێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و، ئه‌وبەشه‌ی كاری تێدا ده‌كرێت حه‌وت كیلۆمەتر و نیوە و دوو شه‌قامی سه‌ره‌كی و دووی خه‌ده‌می له‌ خۆی ده‌گرێت.

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد حەمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارکردن لە شەقامی ۱٥۰ مەتریی هەولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: 'وەك پابەندبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتوچۆ، كۆمپانیای جێبەجێكار لە ماوەی ڕابردووا كارەكانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری ڕاگرتبوو، بەڵام دوو ڕۆژە دەستیان بە كارکردن كردووەتەوە.'

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، دەڵێت: 'بە مەرجێك دەبێت كارمەند و كرێكارەكان پابەندی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان بن، بۆ ئەم مەبەستەش دەمامك و دەستكێشیان پێ دراوە."

ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد حەمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر لەبارەی قۆناغەکانی تەواوکردنی ئەو بەشەی شەقامەکە، ڕایگەیاند: 'تا ئێستا 60%ی كارەكانی پڕۆژەكە ئەنجام دراوە و لە پلانیشماندایە بۆ كۆتاییی ئەمساڵ بەشێكی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، كە زیاتر لە 7 كیلۆمەترە.'

گوتیشی: 'وەك سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر، لەم ڕۆژانەدا دەستمان بە چاككردنەوە و قیڕكردنی چەند پڕۆژەیەكی تریش كردووەتەوە.'

پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی ھەولێر، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان و تا ڕادەیەكی زۆر گرفتی ھاتوچۆ لە شاری ھەولێر چارەسەر دەكات، هاوکات سیمایەکی جوانیش بە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.

سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر باسی له‌وه‌ش كرد: :كۆمپانیاكانی هێمن گرووپ كاری تێدا ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی كاری تێدا ده‌كرێت حه‌وت كیلۆمەتر و نیوه‌ كه‌ دوو شه‌قامی سه‌ره‌كی و دوو شه‌قامی خه‌ده‌می له ‌خۆی ده‌گرێت."

بڵند ئیبراهیم