هەواڵی کوردستان ئێستا

عەمید ئیدریس: دۆخی ئەمنیی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە

عەمید ئیدریس: دۆخی ئەمنیی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە
عەمید ئیدریس: دۆخی ئەمنیی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە

2020-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك دەڵێ، داعش لە سنووری كەركووك دەستی بە جموجۆڵ و كردەی تیرۆریستی كردووە و بەردەوام لە پەرەسەندندایە، بۆیە ئەگەر وا بڕوات كردەی تیرۆریستییان زۆر زیاتر دەبێت، چونكە دۆخی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە.

عەمید ئیدریس ڕەفعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی ئەمنیی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە و چالاكی و كردەكانی داعش لە پەرەسەندندان و دەیانەوێت زۆرترین كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەردەوامیش تەقینەوە دەكەن و ماوەیەكیشە جموجۆڵیان زۆر زیاد بووە".

ڕەفعەت گوتیشی: "جموجۆڵی داعش زیاتر لە قەزا و ناحیەكان هەیە و بەردەوام كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆیە دۆخی ئەمنیی كەركووك بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی كەركووك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی كورد لەوێ نەماون و خەڵكیش پێشتر هاوكاری ئێمە بوون، بەڵام ئێستا هاوكار نین و دەسەڵاتی ناوچەكەش توانای نییە، چونكە پێشتر پێشمەرگە هێڵی بەرگریی دانابوو، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە و تیرۆریستانیش دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخساوە".

دەشڵێ: "ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دوور نییە داعش پێداچوونەوە بە چالاكیی خۆیاندا بكەن و زیاتری بكەن، چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ كردەكانیان لە زیادبووندان".

 

بڵند ئیبراهیم