"حكوومه‌تی عێراق ڕێگره له‌به‌رده‌م به‌جینۆسایدناساندنی تاوانی ئه‌نفال"
هه‌ولێر-KDP.info-ئه‌مڕۆ گه‌لی كورد یادی 32 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفالی كرده‌وه كه له‌لایه‌ن ڕژێمی دیكتاتۆری عێراقەوە به‌رامبه‌ر 182 هه‌زار هاووڵاتیی سڤیل ئه‌نجام درا و زینده‌به‌چاڵ كران، کە تاوانیان به‌س ئه‌وه بوو كورد بوون. شاره‌زایانی بواری تاوانی ئه‌نفال ده‌ڵێن، كورد هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئه‌نفالكردندایه له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و دژبه‌ره‌كانییەوە و، حكوومه‌تی عێراق ڕێگره له‌به‌رده‌م به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌نفال.
زه‌مان عه‌بده، شاره‌زای بواری ئه‌نفال و جینۆساید، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌نفال تاوانێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو له‌لایه‌ن ڕێژێمی سه‌ددام حوسێنەوە به‌سه‌ر گه‌لی كوردا سه‌پێندرا، له درێژه‌ی ئه‌و تاوانه 182 هه‌زار هاووڵاتیی سڤیل زینده‌به‌چاڵ كران، به هه‌رسێ مادده نێوده‌وڵه‌تییه‌كه، جینۆساید، تاوانی جه‌نگ، تاوانی دژه مرۆڤایه‌تی ئیدانه كراوه، له دادگای جینائیی عێراق پاش 61 دانیشتنی دادگا بڕیاری دا ئه‌نفال تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تییه، كاتێك بڕیاره‌كه‌مان هێنایه‌وه سه‌رۆك بارزانی بانگێشتی كردین و ده‌ستخۆشیی لێ كردین، به‌ڵام به‌داخه‌وه كورد خۆشی نه‌یتوانیوه مامه‌ڵه‌ی پێویست له‌گه‌ڵ تاوانی ئه‌نفال بكات، كه كه‌یسێكی گرنگه له‌سه‌ر ئاستی دنیای نێوده‌وڵه‌تی، جووە‌كه‌كان به جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هۆڵۆكۆس كرد بووه چه‌ترێك كه ده‌وڵه‌تیان له‌سایه‌ی پێ دامه‌زراند و تاوه‌كو ئێستاش ده‌یانپارێزێت".
زه‌مان عه‌بده گوتی: "ئێمه له‌پاش ڕاپه‌ڕین ده‌ستمان كرد به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌جینۆسایدی بناسێنین و، تاوانباران دادگایی بكرێن، ئه‌وه بوو ئاواتی ئه‌وه‌مان هاته دی و سه‌ددام حوسێن و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون ده‌ستیان له ئه‌نفال هه‌بووه، دادگایی كران، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه تا ئێستا هاوشێوه‌ی جووه‌كه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان به جینۆسایدی بناسێنین و ده‌وڵه‌تێكی سەر‌به‌خۆی كورد دامه‌زرێنین".
عه‌بده هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات: "ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌نفال كاریان كرد ناشاره‌زا بوون، لە په‌رله‌مانی ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌نفال بە جینۆساید ناسێندرا، به‌ڵام حكوومه‌ته‌كانیان ئیلتیزامیان به بڕیاره‌كه‌وه نه‌كرد، ئه‌وه‌ش سوودێکی وای بۆ كه‌یسی ئه‌نفال و به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نه‌بوو ".
'حكوومه‌تی عێراق هه‌ر ئه‌و حكوومه‌ته‌یه جینۆسایدی كوردی كردووه، به‌ڵام ده‌موچاوه‌كان گۆڕاون، فكره‌كه نه‌گۆڕاوه، بڕینی بوودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و له‌شكركێشیی سوپای عێراق هه‌مان ئه‌نفاله دووباره ده‌بێته‌وه، له كه‌ركووك و دووزخورماتوو چ تاوانێكی گه‌وره كرا، حكوومه‌تی عێراق ئاماده نییه له دادگای لاهای ببێته ئه‌ندام، سه‌ره‌تای دروستبوونه‌وه‌ی عێراقی نوێ بۆ دوو هه‌فته عێراق بوونه ئه‌ندام له دادگای لاهای، به‌ڵام كشانه‌وه، چونكه ده‌یانزانی عێراق ئه‌ندام بووایه له‌و دادگایه، ئه‌وه ده‌كه‌وته ژێر بڕیاری دادگا و دادگایی ده‌كران و ئه‌مریكییه‌كانیش ده‌ستیان هه‌بوو له‌وه‌ی عێراق له‌و دادگایه بكشێته‌وه، چونكه خۆیان له عێراق تاوانیان كردووه." زه‌مان عه‌بده وای گوت.
ئیسماعیل هه‌ناره‌یی كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوان و خاوه‌نی چوار كتێب له‌سه‌ر ئه‌نفال گوتی: "به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناوە ئه‌مڕۆ 32 ساڵه‌ی یادی تاوانی ئه‌نفال نه‌كرایه‌وه، ئێمه وه‌ك كه‌سوكاری شه‌هیدان داوای دادگاییكردنی جاش و مسته‌شاره‌كان ده‌كه‌ین، کە هاوكاری ڕیژێمی سه‌ددام حوسێن بوون له شاڵاوی ڕه‌شی ئه‌نفال و، داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاری شه‌هیدان و به‌جینۆسایدناساندنی تاوانی ئه‌نفال و هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی ئه‌نفالكراوان له عه‌رعه‌ر و نوگره‌سه‌لمان دەکەین".
حكوومه‌تی عێراقی میراتگری حكوومه‌تی به‌عسه، ده‌بێ قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاری شه‌هیدان بكاته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌یه قه‌ره‌بووی حكوومه‌ت و گه‌لی كوێت بكاته‌وه، كە ساڵی 1991 ڕژێمی سه‌ددام حوسێن هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئه‌و وڵاته، به‌ڵام ئاماده نییه قه‌ره‌بووی 182 هه‌زار ئه‌نفالی گه‌رمیانیه‌كان و 8 هه‌زار بارزانی و 18 هه‌زار كوردی فه‌یلی و 5 هه‌زار شه‌هیدی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بكاته‌وه و ئاماده‌ش نییه له دادگای لاهای له وڵاتی ڕۆما ببێته ئه‌ندام، ئه‌وه‌ش ڕێگره له‌به‌رده‌م به‌جینۆسایدناساندنی تاوانی ئه‌نفال، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم فشار له حكوومه‌تی عێراق بكات له‌و دادگایەدا ببێته ئه‌ندام".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ