لەگەڵ گەیشتنی سەرکردەکانی میلیشیاکاندا، هێزەکانی ڕژێمی سوریا لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق – دەیرەزوور جێگیر دەبن
2023-11-21 20:34:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات دەڵێت بەیانی ڕۆژی سێشەممە حکومەتی سوریا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایش و سوپای ڕەوانەی ڕێگای نێودەوڵەتی نێوان پارێزگای دەیرەزوور و دیمەشق کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی ئوتومبێلەکانی سەرکردەکانی میلیشیاکان یاخود گروپە چەکدارییەکان، کە پێدەچێت ئەو هێزانە سەرکردەکان ببەن بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپە چەکدارییە ئێرانییەکاندان. ڕوانگەکە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردووەتەوە لە 9 ی مانگی یانزەدا نۆ کەس کە لانیکەم سێ سوریاییان تێدا بووە و کارییان لەگەڵ ئێرانییەکاندا کردووە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکادا بۆ سەر بارەگا سەربازییەکان و کۆگایەکی چەک لە شەقامی بۆر سەعید کوژراون. پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان لە هێرشەکەی ئەمەریکادا زیاد ببێت، ئەوەش بەهۆی برینداربوونی چەندین کەسی دیکەشەوە، هەر بەهۆی هێرشەکانەوە چەک و تەقەمەنییەکی زۆریش لە ناوچوون.