ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانێتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە مانگی 9 و 10 ی ساڵی 2023
2023-11-21 22:52:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی 9 و 10 ی ساڵی 2023 دەکات دژی ڕێکخراوی داعش. CENTCOM دەڵێت سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی دیکە لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا 79 ئۆپەراسیۆنییان دژی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریادا ئەنجام داوە و بەهۆیانەوە 13 ئەندامی داعش کوژراون و 78 ئەندامی دیکەی داعش دەستبەسەرکراون. دەشڵێت "لە نێو ئەو ئەندامانەی داعشدا کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا و هێزە هاوبەشەکانی دیکەوە دەستگیرکراون سەرکردەی دیاری داعش و ئەندامەکانییان لە خۆدەگرێت: لەوانەش، چەکدارانی داعش، کارئاسانیکاران و ئەندامانی شانە نوستوو و هێرشبەرەکان کە پلانییان داڕشتووە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی داعش لە زیندانە ناوخۆییەکاندا، بە نیازی ئەوەی خۆیان ڕێکبخەنەوە." لە مانگی 9 دا، نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا(CENTCOM) ڕایگەیاند هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی دیکە 31 ئۆپەراسیۆنییان دژی داعش ئەنجام داوە و بەهۆیەوە 8 ئەندامی داعش کوژراون و 19 ئەندامی دیکەی داعش دەستگیرکراون. لە مانگی 10 دا، 48 ئۆپەراسیۆنییان دژی داعش ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 5 ئەندامی داعش کوژراون و 59 ئەندامی دیکەی داعش دەستگیرکراون. ژەنەڕاڵ ئێرک کوریلا، فەرماندەی باڵای سوپای ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت " ئەو ئۆپەراسیۆنانە تیشک دەخەنە سەر پابەندبوونی بەردەواممان بە شکستهێنان بەو چەکدارانەی داعش کە ماونەتەوە و پێویستییەکان بۆ هەوڵی بە ئامانجی سەربازیی بۆ ڕێگریکردن لەوەی چەکدارانی داعش نەتوانن هێرش ئەنجام بدەن و بەهێز ببنەوە." لە مانگی 9 و 10 دا لە عێراق 53 ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هێزە هاوبەشەکاندا ئەنجام دراون و بەهۆیانەوە 10 ئەندامی داعش کوژراون و 33 ئەندامی دیکەی داعش دەستگیرکراون. هەر لەو دوو مانگەدا لە سوریا 23 ئۆپەراسیۆن لەگەڵ هێزە هاوبەشەکان و سێ ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا بە تەنها ئەنجام دراون، بەهۆیانەوە 3 ئەندامی داعش کوژراون و 45 ئەندامی دیکەی داعش دەستگیرکراون. ژەنەڕاڵ کوریلا دەشڵێت " ئێمە پابەندین بە بەردەوامیدان بە شکستهێنان بە داعشەوە."