هەواڵی کوردستان ئێستا

فەرماندەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ KDP: ئەوەی دەگوترێت لە راستییەوە دوورە

فەرماندەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ KDP: ئەوەی دەگوترێت لە راستییەوە دوورە
فەرماندەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ KDP: ئەوەی دەگوترێت لە راستییەوە دوورە

2020-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆك-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی رۆژ رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی بۆ پێشمەرگەی رۆژ هەڵبەستراون، دوورن لە راستییەوە و دەشڵێ: "یەك پێشمەرگەی ئێمە نەچووە بۆ دەرەوەی كوردستان، بگرە بۆ خاكی خۆشیان نەچوون كە كوردستانی سووریایە، بەڵام ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن، دەیانەوێت خیانەتەكانیان داپۆشن و، لە سووریا 10هەزار گەنجی كورد شەهید كرا بۆ ئازادكردنی خاكی عەرەب، بۆ یەك كەس قسەی نەكرد؟".

قادر شێخ مەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جگە لە هەرێمی كوردستان، یەك كەسی ئێمە نەچووە بۆ لیبیا و بۆ سووریاش، ئەو كەسەی باس لەوە دەكات كە لە سووریا هاتووە بۆ هەرێم و لەوێش رۆیشتووە بۆ توركیا و لەوێش چووە بۆ لیبیا، هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە، بە داخەوە خەڵكانێك تۆمەت هەڵدەبەستن، ئەگەرنا لەشكری رۆژ تەنها خەڵكی سووریا نین و خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدایە و هەر پارچەیەكی كوردستان پێویستی بە ئێمە هەبێت، ئامادەین و لە سەرەتای شەڕی داعشیش ئێمە لە شەڕدا بووین تا كۆتایی جەنگەكە".

شێخ مەم گوتیشی: "ئێمە شەهید و بریندارێكی یەكجار زۆرمان دا و شەڕمان كرد بۆ پاراستنی كوردستان، بۆیە حەق نییە ناوی پێشمەرگەی رۆژ ناشرین بكرێت و پێویستە رێز لە پێشمەرگە بگیرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە سەرەتای شەڕی سووریادا، 10 هەزار گەنجی كورد بۆ ئازادكردنی خاكی عەرەب شەهید كران، كەچی یەك كەس قسەی نەكرد، بەڵام ئێستا دەچن باسی كەسێك دەكەن كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نەبووە و نییە، بۆیە یەك پێشمەرگەی ئێمە نەچووە بۆ دەرەوەی كوردستان و ئەوەی دەگوترێت لە راستییەوە دوورە".

 

بڵند ئیبراهیم