"شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکات"
هەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦-٤-٢٠٢٠٢، شاندێکی ھەرێمی کوردستان دەربارەی پرسی نەوت سەردانی بەغدا بکات و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانیش دەڵێ، ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت لەگەل حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەیە.
گولیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە حکوومەتەوە ھەیە، بەڵام ھەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر ئەوەی کێشەکانی نەوت و گاز لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ چارەسەر بکات."
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاشکرای کرد: "سەردانی سبەی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق پەیوەست بە ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیھانە و لەوبارەیەوە ھەرێم و بەغدا دانوستان دەکەن."
ئەندامانی ڕێکخراوی ئوپێک و ئوپێک پلەس ڕێک کەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیی بازاڕ، بەپێی گوتەی وەزیری نەوتی عێراق بڕیارەکە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگرێتەوە.
گولیزار سندی دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە ئامادە بووە پرسی نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووردا بە دانوستان و لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و ئێستاش ئامادەیە بۆ ھەر پرسێکی نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتندا."
قائید میرۆ