هەواڵی کوردستان ئێستا

"بە چەند قۆناغێك قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵدەگیرێت"

"بە چەند قۆناغێك قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵدەگیرێت"

2020-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی پشكنینەكان دڵخۆشكەر بوون لەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خەریكە لە ھەرێمی كوردستان كۆتاییی دێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش گوتی، ھەرچەندە هەرێمی کوردستان لە سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا نزیكە، بەڵام قەدەغەی ھاتوچۆ بە ئاسانكارییەوە بەردەوام دەبێت.

دكتۆر محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داتاكانی سێ ڕۆژی ڕابردووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان بۆ ئێمە وەك وەزارەت دڵخۆشكەرن، بەڵام تا یەك حاڵەت مابێت لە كوردستان، ناتوانین سەركەوتنی كۆتایی بەسەر كۆرۆنادا ڕابگەیەنین، چونكە دەمانەوێ دڵنیا بین لەوەی كۆرۆنا كۆتاییی ھاتووە و مەترسیی لەسەر ھاووڵاتیان نییە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "قەدەغەی ھاتوچۆ لە دوای ١٦ی نیسانیش بەردەوام دەبێت، بەڵام بە ھەماھەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكان قۆناغ بە قۆناغ كەم دەكرێتەوە و بە یەكجاری ھەڵناگیرێت، بەتایبەتی شوێنە قەرەباڵغەكان ئێستا ناكرێنەوە".

د. محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێویستە پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بەردەوام بێت و، ھاووڵاتیانیش دوور بكەونەوە لە ھەر بەریەككەوتنێكی ڕاستەوخۆ، تا مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت".

قائید میرۆ