كوردانی فەیلی داوای زیادكردنی كورسیی كۆتا دەكەن
هەولێر-KDP.info- كوردانی فەیلی داوای كورسییەكی دیكەی كۆتا لە پەرلەمانی عێراق دەكەن و كەسایەتییەكی فەیلیش پێی وایە، قەبارەی كوردانی فەیلی زۆر لەوە زیاترە و بە دیاریكردنی كورسییەك ناڕازین.
جەواد مەلەكشاھی، كەسایەتیی كوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق یەك كورسیی كۆتا بۆ كوردانی فەیلی دیاری كراوە و پێشتریش ئەو كورسییە لە سنووری پارێزگای كوت بووە، بەڵام ئێستا گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای بەغدا، كوردانی فەیلی دیاریكردنی كورسییەك لە پەرلەمانی عێراق بەپێی قەبارەی خۆیان نازانن، چونكە ژمارەی كوردانی فەیلی زۆر لەوە زیاترە".
ئەو كەسایەتییە، كە ھاوكات بەرپرسی لقی بەغدای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، دەڵێت: "ئێمە داوامان كردووە كورسیی كۆتا بۆ كوردانی فەیلی بكرێتە دوو كورسی، ھەرچەندە ئەوەش كەمە بۆ ئێمە، چونكە ئەگەر بۆ ھەر ١٠٠ ھەزار دەنگدەر نوێنەرێك ھەبێت، ئەوە مافی ئێمە لە پێنج كورسیش زیاترە".
لەبارەی ژمارەی كوردانی فەیلی لە عێراق، مەلەكشاھی روونی كردەوە: "سەرژمێریی گشتی نەكراوە بۆ ئەوەی قەبارەی ھەر پێك ھاتەیەك بە دروستی دەركەوێت، لەبەر ئەوەش ھیچ ئامارێك نییە لەبارەی ژمارەی كوردانی فەیلی لە عێراق، بەڵام مەزەندە دەكرێت یەك ملیۆن بێت".
قائید میرۆ