نەقیبی سەندیكا: بڕیارە ٢٩ی مانگ بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی ھەڵبژاردن بدەین
هەولێر-KDP.info- ھەرچەندە بڕیار بوو پێشتر ھەڵبژاردن بۆ نەقیب و ئەندامانی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بكرێت، بەڵام وەك نەقیبی سەندیكای پارێزەران دەڵێ، بڕیارە ٢٩ی مانگ پارێزەران بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی ھەڵبژاردنەكە بدەن.
بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆبوونەیەكی تایبەت بە پرسی ھەڵبژاردنی دەستەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەڕێوە بچێت و بڕیاریشە ٢٩ی مانگ كۆببینەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا كاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دیاری دەكرێت".
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستانی راشگەیاند: "لە ماوەكانی رابردوودا بە ھۆی پێداچوونەوە بە بڕیارەكان، لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی پارێزەران نەیتوانی لە كاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات، چونكە تەنیا یەك رۆژ كاتمان لە بەردەست نەبوو و بۆ كاتێكی دیكە دواخرا".
حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كۆبوونەوەی ٢٩ی مانگ بەڕێوەبردنی كۆنگرەیە، لەبەر ئەوەی تەنیا كۆنگرە دەسەڵاتی ھەیە نەقیب و ئەندامانی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ھەڵبژێرێت و بڕیارە پڕۆسەكە بەپێی بڕیاری كۆنگرە بەڕێوە بچێت".
قائید میرۆ