هەواڵی کوردستان ئێستا

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ئەو ئێرانیانەی دەگەڕێنەوە ھاوکاریان دەکەین

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ئەو ئێرانیانەی دەگەڕێنەوە ھاوکاریان دەکەین
عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ئەو ئێرانیانەی دەگەڕێنەوە ھاوکاریان دەکەین

2020-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئەو ھاووڵاتیە ئێرانیانە دەکات بۆگەڕانەوە کە پێشتر لە ھەرێمی کوردستان بوونە و بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشتر نەیانتوانیوە لەکاتی خۆیدا بگەڕێنەوە، بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان  لەگەڵ ئێرانیش دەڵێ، ھەموو ھاوکاریەکیان دەکەین بۆ گەڕانەوەیان. 

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕاستە دوای ئەوەی ڕێکاری خۆپارێزی گیرایەبەر بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆوە ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان گیریان خواردبوو، بەڵام لە ئێستادا کارئاسانی بۆ ھاووڵاتیانی ئێرانی دەکەین ئەگەر بیانەوێ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. 

بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گوتیشی، "لە ڕۆژانی رابردوو ژمارەیەکی زۆری ئەو ئێرانیانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و لەکاتی گەڕانەوەشیاندا پشتگیریمان بۆکردوون تا قایمقامیەتی ھەولێر فۆڕمی ھاتووچۆیان پێبدات.

لەبارەی ئەوانەی ماون و مۆڵەتی مانەوەیان بەسەرچووە ئاکرەیی گوتی، "ئەوانە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ غەرامەیەکیان لێوەرناگرێت و ڕۆژانی پشووی فەرمیی بۆیان ھەژمارناکرێت، لەبەر ئەوەش لە کاتی ئاسایی بوونەوەی ڕەوشەکە و دەستپێکردنەوەی دەوام دەتوانن وەک پێشوو مامەڵەی کارتی نشینگە بەڕێوەببەن.

 

قائید میرۆ