شنگالییەکان; هەموو هیوایەک لەپێناو پاراستندا
شنگال- KDP.info - شنگال شوێنێکی پڕاوپڕە لە هێز و ئاڵا، بەڵام بە بێهێزی ماوەتەوە، شنگالییەکانیش هەموو ئاواتیان ئەوەیە ڕۆژیان بەبێ شەڕ و تۆپبارانکردن بچێتە سەر.
بە هەر کووچە و کۆڵانێکی باشووری شارەکەدا بڕۆی، جگە لە بارەگای هێز و ئاڵا و دیمەنی ترس و کاولیی شارەکە هیچ شتێکت پێشچاو ناکەوێت.
ڕۆژێک تۆببارانە و ڕۆژیکیش ئەو تاوانبارانەی دەستیان بە خۆینی ئێزدییان سوورە دێنە دەورووبەری شارەکە، هێزەکان ئەوەندەی چاویان لە کاری بازرگانی و دانانی زاڵگەی باجە، ئەوەندە چاویان لە خەڵکی شارەکە نییە.
زیاتر لە ١٠ هێز لە شارێکن، کەچی دڵی "سەعد"یان خۆش نەکردووە بگەڕێتەوە باشووری چیایەکە کە گوندەکەیانی لێیە.
سەعد ئەلیاس، ئێستا لە کۆمەڵگای سنوونێ نیشتەجێیە و دەڵێ: "ناتوانم بگەڕێمەوە گوندەکەم، گرعزێر، چونکە کەسی تێدا نییە و هیچ خزمەتگوزارییەکیشی لێ نییە."
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە باکووری شنگال کشاونەتەوە و لە باشووریش تەنیا هەندێک بارەگای کەمیان ماوە.
زیاتر لە دوو هەزار خێزانی شنگالی لەژێر ترسی فڕۆکەدا و بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین لەسەر چیای شنگالن، کەچی ئامادە نین بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەی لە شنگالن.
قایمقامی شنگالیش دەڵێ: "شنگالییەکان لەبن دەستی ئەم هێزانەدا هیچ ڕۆژێکی خۆشیان بە خۆیانەوە نەدیوە، ئەوان ئەوەندە کاری حیزبایەتی دەکەن هەر هیچ ئاگایان لە خەڵک نییە."
شارێک لە ئەستۆی ڕێکخراوەکان
مەحەما خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "حکوومەتی شەرعی لەوێ نییە، هەر خزمەتێکی لەوێ جێبەجێ دەکرێت، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەیکەن."
ئیستا خەڵکی شنگال لە دەست نەبوونی قوتابخانە و سیستمی تەندروستی دەناڵێنن و، دەیانەوێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانیان."
٣٥٠ هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی دهۆک ژیانی نێو کەمپیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئامادە نین بگەڕێنەوە شارێکی پڕ لە فەوزا و هێز و ئاڵا.
کـاروان بــاعەدری