هەواڵی کوردستان ئێستا

"ده‌سته‌یەكی نوێ بۆ ده‌ستپاكی دیاری ده‌كرێت"

"ده‌سته‌یەكی نوێ بۆ ده‌ستپاكی دیاری ده‌كرێت"

2019-12-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سه‌رۆكی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، بڕیاره‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌ستپاكی دیاری بكرێت، چونكه‌ ده‌سته‌كه‌ به‌سه‌ر چووه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش، بڕیاره‌ یاسای ده‌ستپاكی هه‌موار بكرێته‌وه‌.

سه‌عید هه‌ركی، جێگری سه‌رۆكی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هەرێمی كوردستان بڕیار وایە كه‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێی بۆ دروست بكرێت، چونكه‌ ده‌سته‌كه‌ به‌سه‌ر چووه‌ و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێ دیاری بكرێت و ئه‌و یاسایه‌ی هه‌یه‌ كه‌موكووڕیی هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌ویش كه‌ له ‌په‌رله‌مانه‌، هه‌موار بكرێته‌وه‌ و ده‌سەڵاتی زیاتری پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكراوه‌تر بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی گه‌ندڵی بێت، به‌ڵام دیار نییه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئه‌م جاره‌ بۆ چ حیزبێك بێت."

سه‌عید هه‌ركی گوتیشی: "له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێناندا 5 برگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌ و دادگایه‌كی سه‌ر‌به‌خۆ بۆ ده‌ستپاكی دادەنرێت، بۆ ڕاییكردنی كه‌یسه‌كان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا هه‌ن دادوه‌ره‌كان، كۆمه‌ڵێك ئه‌ركیان له‌سه‌ر شانه‌ و پێویستە دادگای تازه،‌ تایبه‌ت بێ به‌ ده‌ستپاكی و و ژماره‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان كه‌من و پێویسته‌ زیاد بكرێن و لە بڕگه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ستی زیاتر واڵا بێت بۆ ئه‌وه‌ی نووسینگه‌ی دیكه‌ بكاته‌وه‌ و كاری باشتر بكه‌ن و دوو خاڵی دیكه‌ش هه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ واده‌كات باشتر ڕووبه‌ڕوو گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌."

به‌پێی یاسا پێویسته‌ بە چوار ساڵ گۆڕانكاری له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی بكرێت و ئێستا له ‌بۆشاییی یاساییدایه‌ و پێویسته‌ ده‌سته‌یه‌كی نوێ دیاری بكرێت.

بڵند ئیبراهیم