روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ههولێر-KDP.info-بەداخەوە ماوەیەکە قسە و دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکرێنەوە کە گوایا حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازی لە نێوان پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمە دوورە لە راستییەوە و وەزیرەکانی لایەنە بەشدارەکانی ناو حکومەت باش ئاگاداری ئەوەن کە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە. بەڵکو رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونییەوە رێنمایی حکومەتی کردووە کە ئامانج و ئاراستەی سەرەکی کارکردنیان ئەوە بێت کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن بە بێ جیاوازی.
بۆ ئاگاداری رای گشتیش، هەر لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی کۆرۆناوە، لە مانگی ئادار و نیسان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم بڕە پارانەی خەرجکردووە بەم شێوەیەی خوارەوە، ئەمە جگە لە خەرجی رۆژانەی وەزارەتەکان و یەکە کارگێڕییەکان:
• (8,040,162,100) هەشت ملیار و چل ملیۆن و سەد و شەست و دوو هەزار و سەد دینار لە داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ دام ودەزگاکانی تەندروستی لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆیەکان خەرجکراوە.
• (4,400,000,000) چوار ملیار و چوارسەد ملیۆن دینار لە داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری پارێزگاکان خەرجکراوە.
• (1,450,000,000) یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن دینار لە داهاتی هەرێم بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێداویستییەکانی پۆلیس خەرجکراوە.
• (3,500,000,000) سێ ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار لە لایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە هاتووە، (1) یەک ملیار دینار بۆ هەر یەک لە بەرێوەبەرایەتیە تەندروستییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و (500) پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ بەرێوەبەرایەتیە تەندروستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین خەرجکراوە.
کۆی گشتی پارەی خەرجکراو لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەو پارەیەی لە حکومەتی فیدراڵی عێراقیشەوە هاتووە) بۆ هەر دوو مانگی ئادار ونیسان بریتیە لە:
(17,390,162,100) حەڤدە ملیار و سێ سەد و نەوەد ملیۆن دینار و سەد و شەست و دوو هەزار و سەد دینار.
سلێمانی و هەڵەبجە:
کۆی ئەو پارەیەی بۆ هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین خەرجکراوە بریتییە لە:
(7,596,258,393) حەفت ملیار و پێنجسەد و نەوەد و شەش ملیۆن و دوو سەد و پەنجا و هەشت هەزار و سێسەد و نەوەد و سێ دینار.
هەولێر و دهۆک:
ئەو بڕەی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک خەرجکراوە بریتییە لە:
(9,793,903,707) نۆ ملیار و حەوت سەد و نەوەد و سێ ملیۆن و نۆسەد و سێ هەزار و حەفتسەد و حەفت دینار.
ئەو خەرجییە زیادانەی هەولێر و دهۆک بە هۆی ئەوە بووە کە رێژەیەکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم بە رێگەی فرۆکەخانەی هەولێر و لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕاونەتەوە بە تایبەت لە وڵاتی تورکیاوە و لە دهۆک و هەولێر کەرەنتینە کراون کە دانیشتووی گشت پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/4/17