هەواڵی کوردستان ئێستا

بابەكر زێباری: چارەسەری ئەم دۆخە نەكرێت مەترسیدارتر دەبێت

بابەكر زێباری: چارەسەری ئەم دۆخە نەكرێت مەترسیدارتر دەبێت
بابەكر زێباری: چارەسەری ئەم دۆخە نەكرێت مەترسیدارتر دەبێت

2020-04-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق رایگەیاند، داعش كە ئەو هەموو كردەوەیە ئەنجام دەدات، مەبەستیان ئەوەیە بوونی خۆیان بسەلمێنن، بۆیە ئێستا لە پێشتریش مەترسیدارترن و سوودیش لە ناوچە كوردستانییەكان وەردەگرن، چونكە بۆشایی ئەمنی هەیە و ئەو ناوچانەش بوونەتە شوێنی حەوانەوە و خۆڕێكخستنەوەی تیرۆریستان.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داعش بەردەوام لە بەهێزبوونەوەدایە و خۆیان رێك دەخەنەوە، بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش، بووەتە شوێنی حەوانەوەی داعشەكان، كە پێشتر خەڵكێكی زۆری بیانییان لەگەڵدا بوو، بەڵام ئێستا هەموو عێراقین، ئەوەش كێشەیە كە بە رۆژ كار دەكەن و بە شەویش داعشن و هێرش ئەنجام دەدەن و خەڵكێكیش هاوكارییان دەكەن".

زێباری گوتیشی: "لە ئێستادا توانای ئەوەیان نییە هێرشی ئاشكرا ئەنجام بدەن، بەڵام شەڕی پارتیزانی دەكەن و بەردەوام بۆسە دادەنێن و تەقینەوە دەكەن، هەروەها بە شەویش هێرش دەكەنە سەر رەبایەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا لە یەك رۆژدا هەشت كردەوەیان ئەنجام دا".

دەشڵێ، ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەكرێت، زۆر مەترسیدارتر دەبێت، چونكە شێوازی شەڕكردنیان زۆر لە پێشووتر خەتەرناكترە، لەبەر ئەوەی پێشتر دیار بوون، بەڵام ئێستا شاراوەن و لە هەموو شوێنێك هەن.

سوپاسالاری پێشووی عێراق باسی لەوەش كرد، داعش مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە و زیاتر مەترسی لەسەر عێراق هەیە بە هۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، كە دەیانەوێ بتوانن لە یەك رۆژدا چەند كردەوەیەك ئەنجام بدەن، كەواتا دەخوازن بوونی خۆیان بسەلمێنن و هێشتاش ماون و مەترسیدارن.

 

بڵند ئیبراهیم