وەزیری بازرگانی: پلانی تایبەتیان ھەیە بۆ دابینكردنی خۆراكی مانگی رەمەزان
هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جەختی كردەوە، لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، پلانی تایبەتیان ھەیە بۆ دابینكردنی خۆراك و دەشڵێ، ھەر كەسێك پابەندی نرخ نەبێت، سزا دەدرێت.
كەمال موسلیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی بازرگانی بەردەوام چاودێریی رەوشی بازاڕ و جووڵەی بازرگانی دەكات، تا نرخی كەلوپەل بە تایبەت خۆراك بەرز نەبێتەوە، تیمەكانمان رۆڵیان ھەبووە لە رێگریكردنی بەرزكردنەوەی نرخ و لێپرسینەوە لەگەڵ چەندین كەسیش كراوە بە ھۆی پابەندنەبوون بە نرخەوە".
لەبارەی مانگی رەمەزانیشەوە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "خۆراكێكی یەكجار زۆری بازرگانان لە بازاڕدا هەیە بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز، وەك حكوومەت لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق ھەماھەنگی دەكەین بۆ مانگی رەمەزان لە رێگەی فۆڕمی خۆراكەوە بەرنامە بۆ رەمەزان ھەبێت، ھەروەك ساڵانی رابردووش بەرنامەیان بۆ ئەو مانگە جیاوازە".
كەمال موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رەوشی ھەرێمی كوردستان لە ڕووی خۆراكەوە باشە و لەگەڵ ئەو ھەموو قەدەغەیەی ھەیە و رێكارەكانی كۆرۆنا، لە ناوچەكەدا جووڵەی بازرگانی ئاستەنگی بۆ دروست نەبووە و بەردەوام خۆراك و كەلوپەل دەگاتە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان".
قائید میرۆ