هەواڵی کوردستان ئێستا

كاكەیی ھۆشداری دەدات لە كەوتنی ھەندێ ناوچە

كاكەیی ھۆشداری دەدات لە كەوتنی ھەندێ ناوچە
كاكەیی ھۆشداری دەدات لە كەوتنی ھەندێ ناوچە

2020-04-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- جووڵەی داعش ئەمجارە زیاتر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی گرتووتەوە، ئەندامێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش نایشارێتەوە، مەترسیی داعش ئەوەندە زۆرە، خەریكە ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ كارەسات دەنێتەوە.

لیزا كاكەیی، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رەوشی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تێكچووە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش كاریگەریی ھەبوو لەسەر رەوشی ئەمنی لە عێراق، بە تایبەت ئەو شوێنانەی بوشایی ئەمنییان تێدایە، لە ئێستادا مەترسییەكە دوو ئەوەندە بووە، حكوومەتی عێراق زیاتر خەریكی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و ناوچە كوردستانییەكان لە ڕووی ئەمنیەوە پشتگوێ خراون".

ئەندامەكەی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان روونی كردەوە: "نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، كاریگەری ھەبووە لەسەر زیادبوونی جووڵەی چەكدارانی داعش و رۆژانە داعش ھەڵدەكوتنە سەر گوندە كوردنشینەكان، بێگومان ئەم ھێرشكردنەی داعش زیانی گیانی و ماددیی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە ھەیە".

كاكەیی ھۆشداری دا لە كەوتنی ھەندێ ناوچەی كوردستان بە ھۆی مەترسیی تیرۆریستانی داعش و دەشڵێت: "پێش ٢٠١٤ گرووپ و تاقمی تیرۆریستی ھاوشێوەی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان ھەبوون، بەداخەوە ئێستا ھزری داعش ھەر ماوە و لە ژێر چەتر و ناوی دیكەدا بەردەوامن، كە ھاوشێوەی بۆمبێكە و تەقینەوەی لە ھەر كاتێكدا دەبێت چاوەڕوانكراو بێت، ئەمجارەش رووداو و كارەساتی دیكە پەیدا دەبن بە ھۆی مەترسییەكانی داعشەوە".

كاكەیی ئاشكرای كرد، ژمارەیەك گوندی كوردنشین لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك بە ھۆی مەترسیی داعش چۆڵ كراون و گوتی: "ئێمە درك بە مەترسییەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان دەكەین و وەك لیژنەی ماددەی ١٤٠ باسمان لەو پرسە كردووە، ئێمە حكوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر پاراستنی ناوچە كوردستانییەكان، لەبەر ئەوەی بەشێك لە گوندە كوردنشینەكان ناچار بوونە گوندەكانیان چۆڵ بكەن".

 

قائید میرۆ