هەواڵی کوردستان ئێستا

د.جەعفەر ئێمنکی: پارتی و یەکێتی بیر لە شەڕی ناوخۆیی ناکەنەوە و کێشەکان کاتین

د.جەعفەر ئێمنکی: پارتی و یەکێتی بیر لە شەڕی ناوخۆیی ناکەنەوە و کێشەکان کاتین
د.جەعفەر ئێمنکی: پارتی و یەکێتی بیر لە شەڕی ناوخۆیی ناکەنەوە و کێشەکان کاتین

2020-04-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  لەبارەی گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ھەرێمی کوردستانەوە دکتۆر جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تیشک دەخاتە سەر گرژییەکان و دەڵێ، کاتی شەڕی ناوخۆ تێ پەڕیوە و گرژییەکانیش کاتین و چارەسەر دەکرێن.
 

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: خوێندنەوەتان بۆ گرژییەکانی ئێستا چییە؟
د
. جەعفەر ئێمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی: پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی پەیوەندیی شەراکەت و ھاوپەمانییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە تا ئێستا ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بوونە و سەقامگیریشی بە خۆیەوە بینیوە، لەو باوەڕەدا نیم گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەتایبەتی ئەوەی لە زینی وەرتێ ڕووی دا، ڕێگر بن لەبەردەم پێشڤەچوون و پەیوەندییەکانی نێوان و ئێمە و برادەرانی یەکێتی، ئەمەی ڕووی دا نەدەبوو بگاتە ئەو ڕادەیە و پێم وابێت ڕەوشێکی کاتییە، ھەتا نەشدەبوو بگاتە ئەو ئاستە، چونکە بە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاگەیاندن ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ھیچ ھەوڵێک دراوە بۆ دامرکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان؟

د. جەعفەر ئێمنکی: پێویستە حکوومەت پشتیوانی لە ھەموو لایەنەکان وەربگرێت، لە ئێمە وەک پارتی، لە یەکێتی و ھەموو لایەنەکان، ھەتا ئەوانەی لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشن و لەنێو حکوومەتدا نین، بەتایبەتی لە ڕەوشێکی وەک ئێستا، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسێکی نیشتمانیی گەروەیە و پێویستە ھەموو لایەنەکان پشیتوانی و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەیاننامەی ئەمڕۆ شەممەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، جێگەی دڵخۆشییە، بەوەی ڕەوشەکە ئاسایی ببێتەوە، ھەوڵێکی دیکەش ھەیە، ئێمە ئاگادارین سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر خەتە و لە خەمی ڕەوشەکەدایە، بەو ئومێدەی بگەنە دەرئەنجامێک.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ھاووڵاتیانی کوردستان نیگەرانن لەوەی گرژی سیاسی هەبێ و پارتیش چەند جارێک راشکاوانە گوتوویەتی کە شەڕی نێوخۆیی رووناداتەوە تیڕوانیینەکان چین؟
د. جەعفەر ئێمنکی: "بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم شەڕ ھەمووی پیسە، شەڕی براکوژی، شەڕ لەگەڵ دراوسێ، یان ھەرکەسێک بێت، شەڕ خراپە و ھیچ شەڕێک باش نییە، ھەندێ بە ناچاری بەرگری لە خۆت دەکەی ئەمە پرسێکی دیکەیە، بەڵام کات تێ پەڕیوە و کاتی ھیچ شەڕێک نەماوە لە ھەرێمی کوردستان، شەڕی ناوخۆ مومکنیە بکرێت، نە گرژییەکانی ئێستا و نە ھیچ گرژی و کێشەیەکی دیکە نابێتە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆ، چونکە نە لەناو یەکێتی و نە لەناو پارتی ئیرادەی شەڕ ھەیە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هێزەکان لە دەستی حکوومەت دان پێویستە لایەنەکان چی بکەن؟
د. جەعفەر ئێمنکی: "ھیچ ھێزێک نەماوە لەژێر دەستی پارتی، ھەموو ھێزەکانمان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت، یەکەی ھەشتای سەر بە پارتی خراوەتە ژێر دەستی دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێویستە لایەنەکانی دیکەش کارێکی وا بکەن بۆ ئەوەی ھێزە چەکدارەکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: لێرە و لەوێ باسی دوو ئیدارەیی دەکرێت؟
د. جەعفەر ئیبراھیم: "خەڵکەک ھەیە و پەرلەمانتار ھەن لە بەغدا کار بۆ دوو ئیدارەیی دەکەن، تا مووچەکانیان لە بەغداوە خەرج بکرێن و سلێمانی بخرێتە سەر بەغدا، ئەمە نابێتە دوو ئیدارەیی، ئەوە دەبێتە تەسلیمکردنی پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا، واتە دوو ئیدارەیی ڕوو نادات یەک ئیدارەیە، ئەویش پێویستی بە ڕاپرسیی خەڵکی کوردستانە و ئێمە دڵنیاین لە ئەگەری ڕاپرسی بۆ پرسێکی وەھادا، خەڵکی خۆراگری سلێمانی و گەرمیان ھەر بۆچوونێکی ھاوشێوە ئەوە ڕەت دەکەنەوە، ئەوانەی داوای دابڕکردنی سلێمانی بۆ سەر بەغدا دەکەن، دەنگی نەشازن.

قائید میرۆ