هەواڵی کوردستان ئێستا

شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌ جیاوازه‌كانی حكومه‌تی به‌ریتانیدا

شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌ جیاوازه‌كانی حكومه‌تی به‌ریتانیدا
شەفەق نیوز

بژار عوسمان ئەحمەد/  ئه‌مڕۆ 11/1/2023 ساڵیادی كۆچی دوایی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانه‌ (خودان)

شه‌هیدبوونی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی دووه‌م كه‌ داڕێژه‌ری قوتابخانه‌ی هزری بارزانییه‌كانه‌ و توانی قسه‌وباس و گفتوگۆی ناو ته‌كیه‌ی بارزان له‌ بابه‌تی عه‌قیده‌ و ته‌سه‌وفه‌وه‌ ببات بۆ زیادكردنی بابه‌تێكیتریش له‌گه‌ڵیدا، كه‌ ئه‌ویش (هزری نه‌ته‌وایه‌تی)ییه‌، بێگومان له‌كۆتاییدا له‌پێناوی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی گیانی خۆی به‌خشی، دواتر‌ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان توانی بنه‌ماكانی ئه‌م هزره‌ی بارزانییه‌كان به‌چه‌ندین رێگای جیاواز بچه‌سپێنیت و هه‌ر حه‌وت عه‌شیره‌ته‌كه‌ی بارزان له‌ ژێر سێبه‌ری خۆیدا كۆبكاته‌وه‌. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و تێروانیانه‌ی هه‌یبووو، بۆنموونه‌ له‌ باسی ئافره‌ت و مافی ئافره‌تدا، ماف و پێگه‌ی ئافره‌ت لای ئه‌و گه‌وره‌ بووه‌، هه‌روه‌ها شێخ ئه‌حمه‌د گرنگی به‌ مافی سروشت و مافی ئاژه‌ڵ و چاككردنی ڕێگاوبانه‌كان و كانی و كانیاوه‌كانی ناوچه‌كه‌ی داوه‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕاگرتنی دادپه‌روه‌ری و نه‌هێشتنی دزی و جه‌رده‌یی له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتیدا، هه‌مو ئه‌مانه‌ش وایكرد حكومه‌تی عێراقی و به‌ریتانیاش به‌رده‌وام ترسێكیان به‌رامبه‌ر شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان هه‌ربێت، بۆیه‌ هەر لەسەرەتاوە بەریتانیا هەوڵیدا شێخ ئەحمەد بارزانى كۆنترۆڵ بكات و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رگری له‌ خاكی كوردستان و به‌رگریكردن له‌ كوردانی پارچه‌كانیتری كوردستان له‌ هزری ئه‌ودا لاواز بكات، بەڵام ئه‌مه‌یان بۆ نه‌چووه‌ سه‌ر، به‌هۆی به‌رگریكاری و هه‌ستی ناسیۆنالیستی له‌لایه‌ن كورد به‌گشتی شێخ ئەحمەد بارزانى به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ دا ، كە بە هیچ شێوەیەك هاوكار و هەماهەنگ نه‌بوو لەگەڵ بەریتانیا (Jebb, 1919, 4).  

له‌م سه‌روبه‌نده‌دا به‌ریتانیا زۆر هه‌وڵیدا شێخ ئه‌حمه‌د بۆلای خۆی ڕابكێشی و به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ده‌سته‌مۆی بكات، به‌ڵام شێخ نه‌چووه‌ ژێر باری ئه‌مه‌. به‌ریتانیان سێ شێوازی گرته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌وانیش بریتی بوون له‌:

یه‌كه‌م/ هه‌وڵیاندا له‌ڕێی دیاری و پێدانی پاره‌وه‌ بۆخۆیانی ڕابكێشن، به‌لام نه‌یانتوانی!

دووه‌م/ ڕاسته‌وخۆ هێرشی چه‌كداری و بۆمبارانی فڕۆكه‌ بۆ بارزان و چه‌ندین شه‌ری ده‌سته‌ویه‌خه‌، به‌ڵام له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتو نه‌بوون!

سێیه‌م/ پڕوپاگه‌نده‌ دروستكردن بۆ لێدانی ناو و ناوبانگی شێخ، به‌وه‌ی كه‌ كه‌سێكه‌ خۆی به‌ خودا ده‌زانێت و هه‌ندێك به‌ مه‌سیحی و هه‌لگه‌راه‌وه‌ له‌دین و به‌چه‌ندین جۆریتر پروپاگه‌نده‌یان له‌دژی ئه‌نجامدا.

لێره‌وه‌ ورده‌كاری ئه‌م پرۆسه‌یه‌تان بۆ باسده‌كه‌ین:

له‌باره‌ی هه‌وڵی یه‌كه‌می به‌ریتانییه‌كان بۆ ڕاكێشانی شێخ ئه‌حمه‌د، ئه‌وا به‌ڵگه‌نامه‌ توركییه‌كانی كۆماری توركیا سه‌رسامی خۆیان به‌ شێخ ئه‌حمه‌د ده‌رده‌بڕن كه‌ ته‌سلیمی ئیراده‌ی به‌ریتانیا و دیاری و ته‌هدیده‌كانی نه‌بووه‌، چونكه‌ زۆر هەوڵیاندا بە هەر جۆرێك بێت شێخ ئەحمەد بارزانى لەڕێگای بەخشینی دیاری و میواندارییەوە بۆ خۆیان رابكێشن. بۆ ئه‌مه‌ش پلانێكیان دانا، بۆ ئه‌وه‌ی شێخ و كەسە دیارەكانی بادینان و دەوروبەری ئاكرێ میوانداری دەكەن، لەو میوانداریەشدا هەر میوانێك یەك (پاڵتۆ)ی پێدەدرێـت وەكو دیاری، بەڵام شێخ ئەحمەد بەهیچ جۆرێك بەشداری ئه‌م میواندارییه‌ی نه‌كرد و تەنانەت نوێنەری خۆشی نه‌نارد(T.C. 30-10-0-0.  112.756.16).  

قۆناغی دووه‌می هه‌وڵی به‌ریتانیان بریتی بوو له‌ هه‌نگاوی سه‌ربازی، كه‌ به‌ریتانیا له‌ ڕێگای سوپای عێراقییه‌وه‌ چەندین هێرشیان كرده‌ سەر بارزان و لەلایەن بارزانیەكانەوە بەرپەچ دەدرانەوە، سەرئەنجام  هێزێكی  بە بەشداری 4437 سەرباز و شەش تیپی پیادە و 250 ئەفسەری سەربازی بەشداری هەڵمەتێكیان كرد، بەڵام ئەم هەڵمەتە توشی شكستێكی زۆر بوویەوە لەلایەن بارزانییەكانەوە به‌رپه‌رچ درایه‌وه‌، تەنانەت دواتر بە چەند قۆناغێك هێزی ئاسمانی بەریتانی (R.A.F) چەندین جار بەشداری له‌ لێدانی هێزی بارزانیەكان كرد و بە توندترین شێوە بۆمبارانی ناوچەكانی دەڤەری بارزانی كرد، بەڵام نەیانتوانی شكست بە شۆڕشەكەی شێخ ئه‌حمه‌د (شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان) بهێنن، هەرچەندە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی سیڤیل و گوند و مەڕ و ماڵاتيان سوتاند كە بریتی بوون لە 79 گوند، وە لە كۆی 2382 خانوو دا 1365 خانوو ڕوخێنرا، سەرەڕای ئەمانەش مین فڕیدرایە خوارەوە، كە هەموو ئەوانە وایكرد خەڵكەكە بە شەو و ڕۆژ لە ئەشكەوتەكان بمێننەوە (كەریم، 2022، 176-177).  ئەوەی جێگای ئاماژەیە بەڵگەنامەیەكی بەریتانی لە رێكەوتی 25/7/1932 ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەشێك لە فرۆكە بەریتانییەكان لە میسرەوە هاتبوون و ئەم بۆمباران كردنەشیان بەسەركەوتن هەژمار دەكرد (D.0.2/5.10604.).  

قۆناغی سێیه‌م بریتی بوو له‌ پروپاگه‌نده‌ و بانگه‌شه‌ و لێدانی ئاینی و عه‌قیده‌یی، هه‌روه‌كو به‌ڵگه‌نامه‌ به‌ریتانییه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه‌ گوایه‌ شێخ ئه‌حمه‌د خۆی به‌ خودا ناوبردووه‌ و پێی وایه‌ ئه‌و خودایه‌، له‌هه‌ندێك شوێنیتردا ده‌ڵێن ناوبراو بووه‌ته‌ مه‌سیحی و ڕێگای خه‌ڵكه‌كه‌ی داوه‌ گۆشتی به‌راز بخۆن..هتد ئه‌مه‌ و چه‌ندین باسیتر له‌دژی ئه‌و. به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌كان و به‌پێی قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانی ئه‌وكاتی ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك بووه‌ له‌دژی شێخ ئه‌حمه‌د، هه‌روه‌كو ئه‌حمه‌د خه‌واجه‌ له‌ لاپه‌ره‌كانی 295-297 باسی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات و ده‌ڵێت "كاتێك له‌ ئاسه‌ف ڕه‌ئوف - (بنه‌ماڵه‌ی خادم سوجاده) نووسه‌ری كاپتن لاینم پرسی، ئایا راسته‌ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له‌ ئاینی ئیسلام وه‌رگه‌ڕاوه‌؟" ئه‌ویش ده‌ڵێت ‌"به‌شه‌ره‌فم، به‌نیكاحم بارزانییه‌كان ئاگایان له‌م قسانه‌ نییه‌، هه‌مووی له‌ ژوری كاپتن لاین به‌ پرۆسه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌!" (ئه‌حمه‌د خواجه‌، چیم دی، 2013).