عارف روشدی: كورد بەشدارییەكی كارای لە حكوومەتی نوێی عێراقدا دەبێت
هەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كورد بەشدارییەكی كارای لە حكوومەتی نوێی عێراقدا دەبێت و دەشڵێ: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە، مافەكانی كورد بەپێی دەستوور دابین بكرێن".
عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لەسەر شیعەكان ماوەتەوە، كە لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق رێك بكەون، چونكە نیوەی كابینەكە بەر شیعەكان دەكەوێت، بۆیە پێویستە لەسەر ناوی كەسەكان و وەزارەتەكان رێككەون.
روشدی گوتیشی، هەر كاتێك ماڵی شیعە خۆیان رێكخست، هێزەكانی دیكە كێشەیەكی ئەوتۆیان نابێت.
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش كرد: "ئێمە وەكو كورد گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ئەگەر بە فەرمیش نەبێت، هەرێمی كوردستان گفتوگۆكان لە رێگەی نوێنەرەكانی دەكات و حكوومەتی داهاتووش بێ كورد نابێت و كوردیش بەشدارییەكی كارای لە حكوومەتی داهاتوودا دەبێت".
دەشڵێ: "تا ئێستا پشكی كورد یەكلا نەبووەتەوە و رەنگە هەمان وەزارەتەكانی ئێستا بدرێنەوە كورد و پێشدەچێ گۆڕانكاری تێدا بكرێت و گفتوگۆكان لەوبارەیەوە بەردەوامن، گرنگ ئەوەیە كورد بەشداری لە بڕیارداندا بكات و مافەكانی دابین بكرێن پێش پێدانی وەزارەت بە كورد، وەكوو مافی دارایی و ئەوانەی لە دەستووردا دیاری كراون".
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە پێمان باشە لایەنەكانی كورد كە كاران لە بەغدا، هەمووان نوێنەریان لە حكوومەتی داهاتوودا هەبێت".
بڵند ئیبراهیم