هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: گرژییەکان بەرەو چارەسەر دەچن.. دەبێت یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: گرژییەکان بەرەو چارەسەر دەچن.. دەبێت یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان: گرژییەکان بەرەو چارەسەر دەچن.. دەبێت یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین

2020-04-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستخۆشی لە رێکارەکانی حکوومەت دەکەم لە پرسی کۆرۆنا کە لەپێناو هاووڵاتیان بوو.

راشیگەیاند، دونیا شایەتی ئەوەیە، حکوومەتی هەرێم زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە.

لەبارەی گرژییەکانی ئەم دوایە، سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، بەرەو چارەسەر دەچین و کێشەیەکی ئەوندە گەورە نین. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، دەبێت یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین.

راشیگەیاند، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەکە دەکەین و یەکێتی هاوبەشی پارتییە لە حکوومەتی هەرێم.

سەرۆکی هەرێم گووتی، ئەو هێزەی چووەتە زینێ وەرتێ کاتییە و  ئەو کاتەی ئەرکیان تەواو بوو دەگەڕێنەوە.

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقیش، سەرۆکی هەرێم دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکات.

لەبارەی هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، هاوکارییەکانمان مرۆیین چونکە دەزگای پشکنینی کۆرۆنا لە رۆژئاوای کوردستان نەبووە.

لەبارەی دەنگۆی ناردنی پێشمەرگەیەکی هێزی رۆژ بۆ لیبیا، سەرۆکی هەرێم گووتی، ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزی پێشمەرگە و هێزی رۆژ نییە، بەداخەوە ئەو بابەتە زۆر گەورە کرا. ئێمە نە کەس دەنێرین بۆ لیبیا و نە کێشەی لیبیا، کێشەی ئێمەیە.

لەبارەی دۆخی ئابووری، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت و ئەو دۆخەی ئێستا، بە دڵنیایی کاردەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئێمە خەریکی ناردنی نامەیەکین بۆ پەرلەمان و حکوومەتی عێراق، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی دۆخی ئێستا  تووشی زیان بوون.

لەبارەی هەڕەشەکانی پەکەکە،  ئاماژەی بەوەدا، پەکەکە هیچ شەرعیەتێکی نییە لە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان شوێن کار و چالاکی پەکەکە نییە، چونکە ئێمە ئێستا بەشێکین لە عێراق و دەمانەوێت ببینە جێی سەقامگیریی ناوچەکە نەک لێرەوە هێرش بکرێتە سەر دراوسێکانمان.