هەواڵی کوردستان ئێستا

"ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا کرا"

"ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا کرا"

2019-12-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی -KDP.info- ئەندامێکی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند، ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدادا کراوە و تەنیا چەند بابەتێکی کەم ماوە و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هیچ کاریگەرییەک لەسەر ڕێککەوتنەکەدا نانێت.

دانا شەهید جەزا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند: "ئێستا ڕێكکەوتنێکی سەرەتایی کراوە لەسەر پشكی هه‌رێمی كوردستان له ‌بودجەی ساڵی 2020ی عێراق، خاڵی گرنگی کۆبوونەوە و ڕێكکەوتنەکە ئه‌وه‌یه‌ کە هەرێمی کوردستان 250هەزار بەرمیل نەوت بداتە حکوومەتی عێراق و لە بەرانبەریشدا عێراق پابەندی ڕێكکەوتنەکە بێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و بەوپێیەش 12.67%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ده‌نێردرێت."

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گوتیشی: "دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هیچ لە ڕێكکەوتنەکە ناگۆڕێ، چونكە پێش ئەو وادەی دەستلەکارکێشانەوەیە ڕێكکەوتن کراوە، هەروەها لە پرسی بودجە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یەکهەڵوێستن و، بەوهیوایەین بتوانین لە ئایندەدا هاوپەیمانیی کوردستانی پێک بێنین بۆ پشتیوانی لە هەر پرسێک کە تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان."

زریان کەمال