هەواڵی کوردستان ئێستا

له‌ دهۆك سبه‌یشه‌و ڕێوڕەرسمێكی سوپاسگوزاری بەڕێوه ‌ده‌چێت

له‌ دهۆك سبه‌یشه‌و ڕێوڕەرسمێكی سوپاسگوزاری بەڕێوه ‌ده‌چێت
له‌ دهۆك سبه‌یشه‌و ڕێوڕەرسمێكی سوپاسگوزاری بەڕێوه ‌ده‌چێت

2020-04-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


دهۆك-KDP.info–  بەڕێوه‌به‌ری گشتیى ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگاى دهۆك ڕایگەیاند، سبه‌یشه‌و ڕێوڕەسمێكی سوپاسگوزاری بۆ ته‌واوی تیمه ‌ته‌ندروستییه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییەکان، له‌ پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و خه‌ڵك و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ‌ئه‌ركدان بۆ  پاراستنی خه‌ڵكی له‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا بەڕێوە دەچێت.

پارێزگای دهۆك دواین پارێزگا بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ حاڵه‌تی كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا كه‌ 15 كه‌س بوون، ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌ش وه‌كو یه‌كه‌م پارێزگا دواین تووشبووانی كۆرۆنا چاك بوونه‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌یان به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ جێ هێشت.

ئه‌یوب ڕه‌مه‌زان، بە ماڵپەڕی‌ فەرمی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبه‌ی چوارشه‌ممه 22ی مانگ، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی‌، كاتژمێر 10ی شه‌و بڕیاره‌ ڕێوڕەسمێكی سوپاسگوزاری ئه‌نجام بده‌ین بۆ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان و هێزه‌ ئه‌منییەکان له‌ پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌ركی به‌رده‌وامدان بۆ پاراستنی خه‌ڵكی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وانه‌ی تووشی كۆرۆنا ببوون، هه‌روه‌ها سوپاسگوزاری بۆ خودی خه‌ڵكی پارێزگای دهۆكیش كه‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بوون له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا و هاندانیان بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ ماوه‌ی داهاتوودا.'

له‌باره‌ی شێوازی ئه‌نجامدانی ئه‌و ڕێوڕەسمی‌ سوپاسگوزارییه‌، ئه‌یوب ڕه‌مه‌زان گوتی: "به‌رنامه‌ی ڕێوڕەسمەكه‌ له‌ ته‌واوی سنووری پارێزگای دهۆك له‌ كاتژمێر 10ی شه‌و به‌ كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی و مووەلیده‌كان ده‌ست پێ ده‌كات بۆ ماوه‌ی پێنج خوله‌ك، له‌و كاته‌دا خه‌ڵكیش له‌سه‌ر بانه‌كان به‌ ڕووناكییه‌ك، ئینجا لایتێك، یاخود مۆم، یان لایتی موبایل و هه‌ر ڕووناكییه‌كی گونجاو بێت، كه‌ هه‌ستێكی جوان بدات وه‌كو سوپاسییه‌ك داده‌گیرسێنن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ردوو چیای دهۆكیش دوو ئاگر هه‌ڵده‌كرێن، وه‌كو هێماییه‌كی جوان، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ پاركی نه‌ورۆزیش نووسینێكی سوپاسی به‌ مۆم دێته‌ نووسین بۆ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان و هێزه‌كانی ئه‌منی له‌ پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایش و پابه‌ندبوونی خه‌ڵكیش."

بەڕێوبه‌ری گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای دهۆك ده‌شڵێت: 'بۆ ئاگاداری هیچ ئاهه‌نگێك نییه‌ و، له‌ هیچ شوێنێك تا چوار كه‌سیش نابێت كۆ ببنه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نها ئامانجمان سوپاسگوزارییه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شه‌ونخوونیان كرد بۆ پاراستنی خه‌ڵكی له‌ پارێزگای دهۆک.'

نه‌شوان به‌رزنجى