راگەیاندنی پارتی ١٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی پیرۆز دەکات
هەولێر-KDP.info- دەقی پەیامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(122)یەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی.
یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی(كوردستان) لە 22/4/1898 لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرە دەرچوو، ئیدی لەو رۆژە پڕشنگدارەوە كاروانی نەسرەوتووی رۆژنامەوانی كوردیمان هەرچەندە رووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بۆتەوە، بەڵام لەو پەیامە راستگۆیەی خۆی پاشگەزنەبۆتەوە و تائەمڕۆش هەر بەردەوامە لە بەرهەم و بەخششدا.
رەوتی رۆژنامەگەریی كوردی رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیر و هزری ئازادیخوازیی و رزگاریخوازیی، هەروەها رۆژنامەی(كوردستان) لەڕووی بیری سیاسیی كوردیدا رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كە گوزارشتی لە گەلێكی ستەمدیدە دەكرد.
ئەو دەسكەوتە مەزنەی رۆژنامەگەریی كوردیی بووە هۆ و هاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان و برەودان بە بوارەكانی دیكەی ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی و كوولتوری، هەروەها هێز و گوڕێكی تازەیشی بەخشیە كایەی رۆشنبیریمان، كە پاشان بووە هۆكارێكی سەرەكی چەكەرەكردن و گەشەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبیی و فەرهەنگیی.
رۆژنامەگەریی كوردیی لەهەر قۆناغ و سەردەمێكدا، جگە لەوەی ئامرازێكی زیندوو و گرنگی پاراستن و نوێبوونەوەی زمان و ئەدەبیات بووە، خاوەن پەیامێكی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتیمانیش بووە، پەیامی ئاشتەوایی و تەبایی و مرۆڤایەتی هەڵگرتووە، بۆیە هێزێكی كاریگەر و داكۆكیكارێكی سەرسەختی دۆزەی رەوای گەلەكەمان و كوولتوورە رەسەنەكەی بووە، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازیدا سەنگەری رۆژنامەگەریی چەكی بەرگری و هوشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت و، بڵندگۆی راستەقینەی شۆڕش و راپەڕینەكان بووە.
ئەمڕۆ لە سایەی فەراهەمكردنی كایەكانی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی و چاپەمەنیی و بە سیستمازەكردنی لەرووی یاساییەوە مایەی شانازییە بەدەیان و سەدان دەزگا و كەناڵ و بڵاوكراوەی هەمەجۆر و رەنگ لە گۆڕەپانەكەدا كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەمەش رۆژنامەگەریی كوردی بەگوڕ و تینێكی زۆر و بەربڵاوەوە رۆڵی خۆی دەگێڕێ، هەروەها پێویستە لە رووی چاودێریی و رەخنەگرتن و هوشیاركردنەوەدا بەرپرسانە و بونیاتنەرانە لە ئاست ئەو قۆناغە و بەرژەوەندی گشتی دابێت و بەتایبەتی لە بواری تەندروستی كۆمەڵگە و ساغ و سەلامەتی هاووڵاتیان.
پرۆسەی راگەیاندن ئەمڕۆ بە گشتی لە ئاستێكدایە لەرووی چۆنیەتی و چەندایەتیەوە زۆر بەرەو پێشچووە، جگە لە هۆكارەكانی دیكەی بواری تەكنەلۆجیای پەیوەندیكردن و پێگە و كەناڵە ئەلكترۆنیەكان و سۆشیال میدیا، بەمەش كاریگەری راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەیە، بۆیە زۆر گرنگە رۆژنامەگەریی كوردی، دام و دەزگا و كەناڵەكانی میدیاو هەموو شێوە و جۆرەكانی دیكەی راگەیاندن و پەیوەندیكردن، بەرپرسانە رۆڵ و ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان ببینن، بە تێگەیشتنێكی هاوبەش كاربكەن بۆ هاوبەندیی كۆمەڵایەتی و تەبایی پێكهاتە ئایینی و ئیتنیەكان و قوڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و بەرگریكردن لە مافی هاووڵاتیان.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكەین، رۆژی رۆژنامەگەری كوردی هەردەم مایەی شانازیی و مەزنیی هزر و قەڵەمی رۆشنبیرانی كورد بووە، كە لەو كاروانە سەركەشەدا بنەمایەكی راستەقینە و پڕ بەرهەم و بەخششیان لە بواری رۆژنامەوانیی بەتایبەتی و كوولتوری بەگشتی بونیات نا.
لەبیرەوەری(122)ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەما و رێنمایی و رێسا گونجاو و پێشكەوتووەكان.
لەم یادە پیرۆزەدا..
سڵاو و رێز بۆ ماڵباتی بەدرخانیەكان و سەرجەم ماندوونەناس و خەباتكارانی رێگەی رەسەنی رۆژنامەگەریی..
هەر بەرز و شەكاوە بێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردیی و رۆژنامەی دایك(كوردستان)..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢١ـی ٤ـی ٢٠٢٠