هەواڵی کوردستان ئێستا

سەوسەن محەمەد بۆ KDP: مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان نابڕدرێت

سەوسەن محەمەد بۆ KDP: مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان نابڕدرێت
سەوسەن محەمەد بۆ KDP: مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان نابڕدرێت

2019-12-22 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی چاكسازی خەسڵەتی بەپەلەی پێدراوە و دراوەتە شەش لیژنەی پەرلەمان، لەم هەفتەیەشدا دەبێت لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و بیدەنە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان. دەشڵێ، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چاكسازیدا، بەرنامەی بڕینی مووچەی كەسوكاری راستەقینەی شەهیدان و ئەنفالكراوان نییە.

لیژنەكانی پەرلەمان سەرقاڵی نووسینی راپۆرتن لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی و، سبەی دووشەممە دواوادەیە لە بەردەم لیژنەكان و دەبێت راپۆرت بدەنەوە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

سەوسەن محەمەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەی چاكسازی خەسڵەتی بەپەلەی پێدراوە و دراوەتە شەش لیژنەی پەرلەمان، لەم هەفتەیەشدا دەبێت لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن و بیدەنە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پاش ئەوەش پەرلەمان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە دەكرێت و هەموو بڕگە و ماددەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، هەروەها دوای ئەوەش دەخرێتە دەنگدان و پەسەند دەكرێت، بۆیە ئەگەری زۆرە تا سەری ساڵ پەسەند بكرێت".

سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان روونیشی كردەوە: "لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چاكسازیدا، هیچ بەرنامەیەك بۆ بڕینی مووچەی كەسوكاری راستەقینەی شەهیدان و ئەنفالكراوان نییە، چونكە بەپێی یاسا ئەوان پێشتر لە مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەخشراون، واتە ئەگەر دایكی شەهیدێك فەرمانبەر بێت و كوڕەكەشی شەهید بووبێت، ئەوە مووچەی شەهیدانەیان بەپێی یاسا بۆ رێك خراوە و ناچێتە چوارچێوەی دوومووچەییەوە، كەسوكاری پلە یەكی شەهید، واتە وارسی حەقیقی، پێك هاتوون لە دایك و باوك و كوڕ و كچ و خوشك و برا، بەڵام لەوە زیاتر بە كەسوكاری حەقیقی هەژمار ناكرێن".

 

ڕابین شێروانی