هەواڵی کوردستان ئێستا

فڕاكسیۆنی پارتی: خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە.. پێمان گوتن بیکەنە موزایەدە جێی دەهێڵین

فڕاكسیۆنی پارتی: خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە.. پێمان گوتن بیکەنە موزایەدە جێی دەهێڵین
فڕاكسیۆنی پارتی: خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە.. پێمان گوتن بیکەنە موزایەدە جێی دەهێڵین

2020-04-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە، كە كۆبوونەوەكە دوو تەوەری لە خۆ گرتبوو، فڕاكسیۆنی پارتیش بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەش دەڵێ، موزایەدە دەكرێت.

زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوو تەوەری لە خۆ گرتبوو، یەكیان ئەوە بوو پێشنیاز بكرێت بۆ حكوومەت 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات، تەوەری دووەمیش كردنەوەی چەند دەروازیەك بوو لەگەڵ حكوومەتی ئێران، ئێمە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی سەرۆك فڕاكسیۆنەكاندا پێمان گوتن كۆبوونەوەكە ببێتە موزایەدە، بەجێی دەهێڵین و بەشداری ناكەین".

كاكە ڕەزا ئاماژەی بەوەش دا: "قەیرانی دارایی لە جیهان دروست بووە و كوردستانیشی گرتووەتەوە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئیدی بۆ دەبێت موزایەدە بەسەر یەكەوە بكەین، حكوومەت بۆ پێدانی مووچە پشتی بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و ئەو پارەیە دەبەست كە لە بەغداوە دەهات، داهاتی ناوخۆ بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا بۆ نزیك لە سفر دابەزیەوە و نرخی نەوتیش زۆر دابەزیوە، هەروەها بەغداش ناردنی پارە دوادەخات، ئیدی بۆ خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە؟"

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "پاش ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا كرا بە موزایەدە، ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكەمان كرد، هیچ لایەن و هێزێكیش نییە لە پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ خەڵكی خۆمان دڵسۆز بێت، جا لە هەموو ڕووەكانەوە، بەڵام كۆمەڵێك ڕووداو روو دەدەن لە دەرەوەی ویست و دەسەڵات دەبن".

ئاماژەی بەوەش كرد: "پرسی كردنەوەی دەروازەكان، پەیوەیستە بە حكوومەتی عێراقەوە، كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئیداریی دەوێت و دەبێت حكوومەتی عێراق بیگرێتە بەر، چونكە ئەوە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە، هەروەها ئەگەر لەبەر مەترسیی پەتای كۆرۆنا و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان نەبێ، حكوومەتی هەرێم چۆن دەروازە بازرگانییەكان دادەخات، چونكە بەمە زیانی ئابووری بە خۆی دەگەیەنێت".

 

عەزیز ڕەسووڵ