هەواڵی کوردستان ئێستا

سبه‌ی ته‌كسییه‌كان بەپێی چه‌ند مه‌رجێك ده‌توانن ده‌ست به‌ كار بكه‌نه‌وه‌

سبه‌ی ته‌كسییه‌كان بەپێی چه‌ند مه‌رجێك ده‌توانن ده‌ست به‌ كار بكه‌نه‌وه‌
سبه‌ی ته‌كسییه‌كان بەپێی چه‌ند مه‌رجێك ده‌توانن ده‌ست به‌ كار بكه‌نه‌وه‌

2020-04-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، له‌ سبەیه‌وه‌ خاوه‌نی ته‌كسییه‌كان ده‌توانن كار بكه‌ن، به‌ڵام به ‌چه‌ند مه‌رجێك. جێگری پارێزگاری هه‌ولێریش ده‌ڵێ، هه‌رچی له ‌ده‌ستیان بێت ئاسانكاری بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ن و ‌ئێستا زۆرینه‌ی شوێنه‌كانیش كراونه‌ته‌وه‌.

ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "له‌ ڕۆژی هه‌ینییه‌وه‌ كه‌ سبه‌یه‌ خاوه‌نی تەكسییه‌كان ده‌توانن به‌پێی چه‌ند مه‌رجێك له‌ناو شاره‌كان ده‌ست به ‌كار بكه‌نەوە و جارێ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان پێویستیان به‌ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌یه‌."
گوتیشی: "ئه‌و ڕێنماییانه‌ ته‌نها بۆ كاركردنی ته‌كسییه‌كانه‌ و جارێ ڕێگه‌ به ‌كاركردنی مینیپاس و پاسه‌كان نه‌دراوه‌."
مه‌رجه‌كانیشی بریتین لە:
- ده‌بێت شۆفێران ماسك و ده‌ستكێش به‌كار بهێنن.
- ته‌نها ڕێگه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی دوو سه‌رنشین ده‌درێت و ده‌بێت له‌ كوشینی دواوه‌ دابنشین.
- هیچ شۆفێرێك بۆی نییه‌ هاتوچۆ به‌ سه‌رنشینان بكات، ئه‌گه‌ر سه‌رنشینان ماسك و ده‌ستكێش به‌كار نه‌هێنن."
- كاركردنی تەكسی به‌ شێوه‌ی تاك و جووت ده‌بێت بەپێی ڕۆژه‌كانی مانگ. بۆ نموونه‌ له‌ ڕۆژانی جووت، واتا ڕۆژی 24ی مانگ ژماره‌ جووتەکانی‌ (كۆتاییی ژماره‌ی ئۆتۆمبێل) و ڕۆژه‌ تاكه‌كانیش ژماره‌ تاكه‌كان ده‌توانن كار بكه‌ن."
- هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان به‌ ڕێگه‌پێدانی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بێت.
- شۆفێری تەكسی ده‌بێت به‌ مادده‌ی پاككه‌ره‌وه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پاك بكاته‌وه‌.
- ده‌بێت شۆفێران هه‌ر چوار جامی تاكسییه‌كانیان تا نیوه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا له‌بار بوو.
جێگری پارێزگاری هه‌ولێر، هێمن قادر، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ بێت ئاسانكاری ده‌كه‌ین و ‌ئێستا زۆرینه‌ی سێكته‌ره‌كان كراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكی كه‌میان ماوه‌ و ئه‌وانیش له ڕۆژانی داهاتوودا ده‌كرێنه‌وه‌."

هێمن قادر گوتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕێنماییی نوێی له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌ركرد، ئێمه‌ش ڕێنماییه‌كانی خۆمان له‌باره‌ی ئاسانكاری بۆ سنووری هه‌ولێر بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌."

بڵند ئیبراهیم