پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی كارەساتە دڵتەزێنەكەی شاری قەڵادزێ
هەولێر-KDP.info- لە یادی كارەساتە دڵتەزێنەكەی شاری قەڵادزێدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی :
بەر لە (46)ساڵا و لە ٢٤ـی٤ـی ١٩٧٤ شاری قەڵادزێی خۆراگر كەوتە بەر پەلامارێكی دڕندانەی رژێمی بەعس بە چەكی قەدەغەکراوی ناپاڵم، كە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی سڤیل و قوتابیانی زانكۆی سلێمانی کە تاکە زانکۆی کوردستان بوو، هەروەها زیانێكی زۆری ماددیشی بە موڵك و ماڵی هاووڵاتیان گەیاند.
ئەو رووداوە كارەسات و برینێكی دیكەی قووڵ بوو لە كاروانی خەباتی گەلەكەمان و، ستەم و زوڵمێکی لەیادنەکراویشە بەرامبەر خەڵكی سڤیل و بێـتاوانی گەلەكەمان، بۆیە وێرای ریسواكردن و شەرمەزاركردنی ئەو پەلامار و بۆردومانكردنەی شاڕی قەڵادزێ، هیوادارین بۆ لەمەودوا گەلەكەمان لە هەر كارەسات و دەردەردەسەریەك بەدوور بێ و ئەو یادەش بێـتە هەوێنی یەکڕێزی و زیاتر سووربوون لەسەر داواكردنی مافە رەواكانمان و گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
لە ساڵیادی ئەم كارەساتە دڵـتەزێنەدا، سڵاو لە شاری قەڵادزێی سیمبولی خۆڕاگری و ئیڕادەی بەرزی کوردایەتی و، گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانەی بوونە قوربانی ئەو تاوانەو سەرجەم شەهیدانی رێگای سەروەری و سەرفرازی گەلەكەمان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24/4/2020