هەواڵی کوردستان ئێستا

دەستەی وەبەرهێنان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنین

دەستەی وەبەرهێنان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنین
دەستەی وەبەرهێنان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنین

2020-04-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی و ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گوتی، دوای راگرتنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و نەخۆشیی كۆرۆناوە، لە ئێستادا 80%ی پڕۆژەكان بەپێی رێنمایی تەندروستی دەستیان بە كار كردووەتەوە و هەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ كراوە.

موخلیس محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان نزیكەی هەزار پڕۆژە لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان بە كار كردبوو لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە، بەڵام ماوەیەك بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و نەخۆشیی كۆرۆنا راگیرابوون، ئێمەش داوامان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان كردووە كە داوا لە وەبەرهێنەرەكان بكەن بێن دەست بە پڕۆژەكانیان بكەنەوە و لە ئێستادا 80%ی پڕژەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستیان بە كار كردووەتەوە، هەروەها ئەوانەی دیكەش بەردەوام دێن دەست بە كار دەكەنەوە".

بەڕێوەبەری یاسایی و ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان بەپێی رێنمایی تەندروستییە و بۆ هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانیش رێگەپێدانی نێوان پارێزگاكانیان بۆ كراوە و هەرچی پێویست بێت بۆیان دەكرێت".

محەمەد باسی لەوەش كرد: "بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ رابگەیەنین، بەڵام جارێ نامانەوێت ژمارەكە ئاشكرا بكەین".

 

بڵند ئیبراهیم