هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرجەم خانەنشینان دەخرێنە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هەرێم

سەرجەم خانەنشینان دەخرێنە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هەرێم
سەرجەم خانەنشینان دەخرێنە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هەرێم

2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری خانەنشینیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لیژنەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە كاری خۆیان بەردەوامن و، بڕیارە ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەی دیكەش لەسەر جێبەجێكردنی ئەو یاسایە ئەنجام بدرێت. دەشڵێ: "هەموو خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە، دەخرێنە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان".

حازم ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەردەوامە و ئەو لیژنانەی دروست كراون، نەوەستاون لە كاری خۆیان، لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئەوەین كە هەموو خانەنشینان بخرێنە ژێر دەسەڵات و میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان، چونكە ناكرێت وەكو ئێستا چەند جۆرێك خانەنشین هەبێت و هەموویان دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی".

ئیسماعیل گوتیشی: "مووچەی پلە تایبەتەكان بە رێژەی 30 بۆ 40% كەم دەكرێتەوە و خانەنشینانی پێشمەرگەش هەمووی دەخرێنە ژێر چاودێریی ئێمە، لە ئێستاشدا دوو لیژنە سەرقاڵی ئەوەن و بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەسەر ئەو پرسە بكەین".

ئیسماعیل باسی لەوەش كرد: "ئەوانەی باس لەوە دەكرێت كە بە نایاسایی خانەنشین كراون، هەموویان خزمەتیان هەبووە و تەنها پلەیان گۆڕدراوە و لە خانەنشینی بۆ نموونە پێشمەرگە كراوەتە پلەی تایبەت، كە ئەمەش چارەسەر دەكرێت و جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە و مووچەی خانەنشینیی پێشمەرگەی پێ دەدرێت، ئەگەر نا كەس لەخۆڕا خانەنشین  نەكراوە".

 

بڵند ئیبراهیم