هەواڵی کوردستان ئێستا

د. به‌شیر: به‌پێی یاسا ناتوانرێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕابگیرێت

د. به‌شیر: به‌پێی یاسا ناتوانرێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕابگیرێت
د. به‌شیر: به‌پێی یاسا ناتوانرێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕابگیرێت

2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


به‌غدا-KDP.info-  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گوتی، گفتوگۆی به‌رده‌وام ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكرێت، چونك به‌پێی یاسای بودجه‌، حكوومه‌ت مافی نییه‌ مووچه‌ ڕابگرێت و بۆ ڕاگرتنی مووچه‌ پێویستی به‌ ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌، ئاماژه‌یشی دا، هۆكاری دواكه‌وتنی كابینه‌ی نوێ ناكۆكیی ناو ماڵی شیعه‌یه‌ و كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نوێ نییه‌ .

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نووسراوێكی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی كردووه‌ كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگرن و ئێمه‌ به ‌نووسراوی فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌وانمان داوه‌ته‌وه‌ و پێمان ڕاگه‌یاندوون یاسای بودجه‌ی ساڵی ڕابردوو ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وتیش ڕاده‌ست نه‌كات ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌ی نه‌وتیش له‌ مووچه‌كه‌ ده‌برن و ئه‌وه‌ی دیكه‌ به‌رده‌وام ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ حكوومه‌ت ناتوانی ڕایبگرێت و به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ و پێویسته‌ له ‌په‌رله‌مان یاسایه‌كی دیكه‌ ده‌ربكرێت بۆ ڕاگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌گه‌رنا ناتوانن ڕایبگرن."

د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد گوتیشی: "ده‌مێكه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاریش هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درێت كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕابگرن و ئێستاش ئه‌مینداریه‌تیی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركردووه‌، بۆیه‌ ده‌مێكه‌ هه‌وڵ ده‌درێت، ناردنی مووچه‌ ڕابگرن و ئێمه‌ش ڕازی نه‌بووین، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌."

حه‌داد باسی له‌وه‌ش كرد: "گفتوگۆی به‌رده‌وام له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن."

گوتیشی: "تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و پێشكه‌شكردنی به‌ په‌رله‌مان دیار نییه‌، چونكه‌ پێویسته‌ شیعه‌كان له‌نێو خۆیاندا بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌ركاتێك گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كان و به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت ئه‌وكات پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرا و واده‌ی دانیشتن بۆ متمانه‌دان به‌ كابینه‌ی نوێ دیاری ده‌كرێت."

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌وه‌ش كرد: "كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نوێ نییه‌ و كێشه‌كان له‌ناو ماڵی شیعه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ناوی كاندیده‌كانیان ڕه‌ت كردووەته‌وه‌ و وه‌زاره‌ته‌كانی كورد هه‌رسێ وه‌زاره‌ت ده‌مینێن و كه‌م ناكرێنه‌وه‌ و بۆ ناویش، ئاساییه‌ گۆڕانكاری له ‌ناو بكرێت."

بڵند ئیبراهیم