هەواڵی کوردستان ئێستا

" داخلبوونی گشتیی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەندرێت"

" داخلبوونی گشتیی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەندرێت"

2020-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  بەھۆی پشووی فەرمییەوە نزیکەی دوو مانگە دەوامی پەروەردە ڕاگیراوە و بڕیاریشە ئەگەر لە سەرەتای مانگی ئایاری داھاتوو دەرگای قوتابخانەکان نەکرێنەوە ئەوە داخلبوونی گشتی ڕابگەیەندرێت و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، چارەسەری دیکە لەبەردەستدا نییە جگە لە داخلبوونی گشتی.

گولستان باقی نھێلی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە کۆبوونەوەی ڕابردووی لیژنە و ئەنجومەنی وەزارەت نەگەیشتینە ئەنجام، چونکە بەرچاوڕوونیی تەواومان نەبوو ڕەوشەکە بەرەو کوێ دەچێت، ئێستاش مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەر ماوە و وەک تەندروستی ئاماژەی بۆ کردووە کۆتاییی نەھاتووە لەبەر ئەوەشە دیار نییە لە داھاتوو چی ڕوو دەدات."

ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "وەزیری پەروەردە ئەوەی پشتڕاست کردووەتە ئەگەر تا ٢ی مانگی ئایاری داھاتوو ڕەوش ئاسایی نەبووەوە و دەوامی دەستی پێ نەکردەوە، ئەوە داخلبوونی گشتی بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەندرێت، واتە ھەموو قوتابیان بەشداری ئەزموونەکانی کۆتاییی ساڵ دەکەن و بەشداری پێ دەکرێن."

گولستان باقی نھێلی ڕوونی کردەوە: "ئێمە لەگەڵ بەشداریپێکردنی گشتی نین بۆ پۆلی ١٢ی ئامادەیی، بەڵام چارەی دیکە لەبەردەست نییە، چونکە ژمارەیەکی زۆری قوتابی ھەیە و دەرچوونیان بۆ ساڵی ئایندە کێشە لە وەرگرتنیان دروست دەکات، ئەگەر دەوام دەستی پێ نەکردەوە، بێگومان تەنیا ئەو بەشە وانەی خوێندوویانە بۆ ئەزموونەکان ھەژمار دەکرێت و ئەوەی نەخوێندراوە ناکرێنە پرسیاری ئەزموونەکان."

قائید میرۆ