English | عربي

رۆژ بەرۆژ هێرشەکانی داعش بۆ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین زیاتر ده‌بن


رۆژ بەرۆژ هێرشەکانی داعش بۆ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین زیاتر ده‌بن

2019/03/09 | 17:50

(هەواڵ كوردستان)- 38 گوندى كورد له‌ سنوورى خانه‌قین چۆڵ ده‌كرێن

رۆژ له‌دواى رۆژ هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ده‌وروبه‌رى خانه‌قین زیاتر ده‌بێت.

ئه‌ندامێكى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، كه‌ هاوكات شاره‌زای دۆخی كوردانی پارێزگاى دیاله‌یه‌، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت: "تیرۆریستانی داعش تازه‌ خولێكى دیكه‌ى سه‌ربازییان له‌ سه‌ربازگه‌یه‌كیان له‌ سنوورى چیای حه‌مرین ته‌واو كردووه‌".

له‌م باره‌یه‌وه‌، عامر ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "دۆخى ئه‌منیى سنوورى خانه‌قین نائارامه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وەى كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگە له‌ سنووره‌كه‌ كشانه‌وه‌ و تیرۆریستانى داعش ئێستا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ جموجۆڵێكى فراوان و به‌رچاو، ته‌نانه‌ت واى لێ هاتووه‌، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له‌ گوڵاڵه‌ و سه‌عدییه‌ و ده‌وروبه‌رى خانه‌قین، به‌ڵکوو له‌ خانه‌قینیش خه‌ڵك به‌ته‌ماى خۆی نییه‌ و هاووڵاتییان زۆر جار داعش به‌ چاوى خۆیان ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن ته‌قه‌ له‌و تیرۆریستانه‌ بكه‌ن.

هاووڵاتییان ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نن، كه‌ زۆر جار به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌و چه‌كدارانه‌ ناكه‌ن و ده‌ڵێن ده‌ترسین خه‌ڵكى تر ده‌ربچێت، واتا نه‌وه‌ك حه‌شدى شه‌عبی بن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌موچاویان پێچاوه‌ و جلی سه‌ربازییان له‌به‌ره‌ و دێنه‌ سنوورى خانه‌قین، ئه‌مە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌و سنووره‌ ئارام نابێته‌وه‌، تاوه‌كوو پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌،‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌، تیرۆریستانی داعش خولێكى دیكه‌ى سه‌ربازییان ته‌واو كردووه‌ له‌ سه‌ربازگه‌یه‌كیان له‌ سنوورى چیای حه‌مرین، ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن تاوه‌كوو هێرشێكى دیكه‌ى فراوانتر له‌ سنووره‌كه‌دا بكه‌ن“‌.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى دۆخى گونده‌ كوردییه‌كان ئێستا له‌ ده‌وروبه‌رى خانه‌قین چۆنه‌، عامر ره‌فعه‌ت، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، پیلانى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانى پێش داعش و ئێستاش داعش زیاتر له‌ گونده‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، ئێستاش به‌شێك له‌ گونده‌ عەرەبەكان له‌ رووى لۆجستى و مه‌عنه‌وه‌ییه‌وه‌ پشتگیریی ئه‌وانن، ئه‌و گوندانه‌ بوونه‌ته‌ پێگه‌ بۆیان، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، ئه‌و تیرۆریستانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ موختار و خه‌ڵكى گونده‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بێت و هاوكارییان نه‌كه‌ن و ئازووقه‌یان پێ نه‌ده‌ن و ئه‌وه‌ى ئه‌وان بیانه‌وێت بۆیان نه‌كه‌ن، هه‌موویان له‌ناو ده‌به‌ن و ئه‌وانیش خه‌ڵكى سڤیلن و ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌چنه‌ ژێر ركێفی داعشه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ گونده‌كان چۆڵ كراون و گوندیش هه‌یه‌ به‌رگرییان كردووه‌، له‌ نموونه‌ى گوندى (شێرك)، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌ورەترین گونده‌ كوردییه‌كان و به‌ چه‌كی خۆیان به‌رگرییان كردووه‌، زۆر پێویسته‌ ئه‌وانه‌ پڕ چه‌ك بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌رده‌وام بن له‌ به‌رگرى كردن.

ڕاشی گه‌یاند: "خه‌ڵكى نامۆ له‌ سنووره‌كه‌ زۆر بووه‌ و حكوومه‌تى عێراق رۆڵی خراپی بینیوه‌، كه‌ ئێستا كارتى نیشتمانى ده‌رده‌كه‌ن، كه‌ خۆی له‌راستیدا سیسته‌مێكى باش و مۆدێرنه‌، به‌ڵام ئه‌و كارته‌، كه‌ ئێستا ده‌رده‌کرێت پشت به‌ فۆرمى خۆراك ده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها كارتى زانیاری نامێنێت و نفووس و ناسنامه‌ی عێراقی نامێنێت، ئه‌مه‌ ده‌رگاى واڵا كردووه‌، كه‌ خه‌ڵكێكى نامۆ بێن ئه‌و كارته‌ ده‌ربكه‌ن، به‌شێكی به‌رچاویان عێراقیش نیین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سنووره‌كان دێنه‌ ژووره‌وه‌ و به‌ هه‌زاران كه‌س خۆیان كردووه‌ته‌ عێراقی، ئه‌وه‌ش به‌ رێككه‌وتنی سیاسی كراوه‌، خه‌ڵك هه‌یه‌ جلى ئاسایی له‌به‌ر ده‌كات به‌ڵام عێراقیش نیین، واتا ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پاڵپیشتییه‌كان، كه‌ خه‌ڵكى نامۆ بێنه‌ سنووره‌كه‌ و كرده‌وه‌ى تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانن كێیه‌.

پێویسته‌ حكوومه‌تى عێراقی له‌و بابه‌ته‌دا پێداچوونه‌وه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ كارتى زانیارى و فۆرمى خۆراك و نفووسی نه‌بێت، حه‌ق نییه‌ كارتی نیشتمانیی بۆ بكرێت، بۆیه‌ به‌ لیست ناو ده‌درێت و كارتى نیشتمانییان بۆ ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كى هاتوونه‌ و كاره‌كانیان و مه‌به‌ستیان مه‌ترسیداره‌، ته‌نانه‌ن خه‌ڵك دەكوژرێت و ناسنامه‌ى دیار نییه‌،خه‌ڵكی نامۆ له‌ خانه‌قین و گوڵاڵه‌ و سه‌عدییه‌ ده‌بینرێت".

شه‌وانه‌ تیرۆریستانى داعش هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌كانى سنوورى ده‌وروبه‌رى قه‌زاى خانه‌قین و كرده‌وه‌ى تیرۆریستی دەکەن.

دوایین كرده‌وه‌ی تیرۆریستان، به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، تیرۆریستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندى (یوسف به‌گ)ی سه‌ر به‌ شارى خانه‌قین و پاشان ته‌قه‌یان به‌ناو گونده‌كه‌دا كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوى (عه‌باس حوسێن) كه‌ پیشه‌ى پێشمه‌رگه‌یه‌ و له‌ كاتى مۆڵه‌تى ئاسایی خۆیدا بووه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، بریندار بووه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، عه‌قید دیار شه‌وكه‌ت، به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسی خانه‌قین، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ئه‌و رووداوه‌ى گوندى (یوسف به‌گ) پرۆسه‌یه‌كى تیرۆریستی بووه‌ و به‌ چه‌كی جۆری ده‌مانچه‌ سێ فیشه‌كیان ناوه‌ به‌ گیانی هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى گونده‌كه‌وه‌“.

ڕاشی گه‌یاند: "هێزه‌كانى پۆلیسی ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ى هۆكارى ئه‌و رووداوه‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌و گونده‌دا ڕووى دا".

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس) 84 گوندى سه‌ر به‌ شارى خانه‌قین هه‌یه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌ 42 گوندیان هی كورد و 31 گوندیان عه‌ره‌بنشین و 11 گوندیشیان به‌ هاوبه‌شیی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌بی تێدایه‌، ئێستاش زۆربه‌ى گونده‌ كورده‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌واندا، به‌ چه‌كی خۆیان پاسەوانیی لە گونده‌كانیان ده‌گرن، له‌ ئه‌گه‌رى هێرشی داعش و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شێركۆ تۆفیق، كارگێڕى لقی خانه‌قینى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”تیرۆرستانى داعش به‌هۆى بێ توانایى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و گونده‌ كوردییانه‌ى، كه‌ تاكوو ئێستاكه‌ ماون و چۆڵیان نه‌كردووه‌ و خه‌ڵك ده‌ڕفێنن و به‌ ئۆتۆمبیله‌وه‌ به‌ئاشكرا و له‌پێش چاوى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى ده‌سووڕێنه‌وه‌ و كه‌سیش ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات، هه‌ر كه‌سێكیش ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌رى و ده‌ستگیرى ده‌كه‌ن و دواتریش یا ده‌یكوژن یاخود له‌به‌رامبه‌ر پاره‌یه‌كى زۆر ئازادى ده‌كه‌ن“.

ڕوونیشى كرده‌وه:‌ ”به‌هۆى هه‌ڕەشه‌ و په‌لاماره‌ به‌رده‌وامه‌كانى چه‌كدارانى داعشیش بۆ سه‌ر گونده‌ كوردییه‌كانى سنوورى شارۆچكه‌ى خانه‌قین، 38 گوند به‌ته‌واوه‌تى چۆڵیان كردووه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ى ڕوویان له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌“.شێركۆ تۆفیق، ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ گومان ده‌كرێت به‌شێكى زۆر له‌ تیرۆرستانى داعش دزه‌یان كردبێته‌ ناو حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌، یاخود له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى تێكه‌ڵاو بوونه‌، بۆیه‌ هه‌ر كارێك كه‌ ئه‌و تیرۆرستانه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى لێیان بێده‌نگ ده‌بن.

ڕاشى گه‌یاند: ”ئه‌و داعشانه‌ى لو‌ ناوچه‌دا هه‌ن، خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ن و سه‌رجه‌میان كۆنه‌ به‌عسین و ئه‌وه‌ى له‌سایه‌ى حزبی به‌عسدا ده‌رهه‌ق بە کورد بۆیان ته‌واو نه‌كرا، ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی داعشه‌وه‌ ته‌واوى بكه‌ن، كه‌ ته‌نها ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ربكه‌ن و دواتریش ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وى و زار و موڵكیاندا بگرن“.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، كاتێك كه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی، سنوورى خانه‌قینیان به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار داگیر كرد، له‌و كاته‌وه‌ دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ ناله‌باره‌ و به‌رده‌وام تیرۆریستانى داعش هێرش د​ه‌كه‌نه‌ سه‌ر گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى خانه‌قین.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending