عادت حلیمه لعاداتها القدیمه .. به‌غدای خاتوو حه‌لیمه گه‌ڕایه‌وه سه‌ر عاده‌تی قه‌دیمه
د.محمد خدرمولود
له‌كاتێكدا بارودۆخی سیاسیی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به‌غدا، له‌دوای بۆردومانی ئه‌مریكییه‌كان و كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له رۆژانی سه‌ره‌تایی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا به‌جۆرێك كه‌وتۆته‌وه كه‌سێ نییه له پێكهاته‌و توێژه هۆشمه‌نده‌كه، له‌نێو دهستەبژێرانی سیاسیی و رۆشنبیران و چاودێران و تێگه‌یشتوان، ئیره‌ییان به سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌گشتی و سیاسییه‌كانی نێو ماڵی شیعه به‌تایبه‌تی بێت و سه‌رسامی هزری زیره‌كی زیرهكمهندان وهۆشیاری هۆشمه‌ندانی نێو ئه‌و دیمه‌نه سیاسییه گهڕهلاوژێییهی عێراق بن، كه به‌م جۆره به‌غدای خاتوو حه‌لیمه تێی كه‌وتووه و خراپتریشی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ.
ئاخر، له مانگی ئۆكتۆبه‌ری پارساڵی راپه‌ڕیووی ئاپۆرای جه‌ماوه‌ری خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی باشووری وڵاتی به‌ناو عێراقدا و له‌وێ رۆژێوه له 3-1-2020 وه، فه‌شه‌لی به‌ربژێره‌كانی نێو ماڵی شیعه و سه‌رۆك كۆمار، بۆ جێگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له یارییه سیاسییه كورسیی كورسییانێیهكهی نێوماڵی شیعه بۆ سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیراندا كه كتومت له یاری ( سینی سینییانی شه‌وانی ره‌مه‌زان ) ی چایخانه‌كانی هه‌ولێر ده‌كات، هێشتا بازی به‌ختی بوون به سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر سه‌ری هیچ سه‌رۆك وه‌زیرێكدا نه‌نیشتۆته‌وه، وا په‌تای كوشنده‌ی كۆرۆنا كۆڤید 19یشی مێوانه، هه‌روه‌ك ئه‌وه وایه ( به‌غدا به خۆی نه‌بێ و مێوانی بێ، مه‌یموون بێ و خووریكهی لێ بێ ).
له‌م ئان وساته دا، له نێو ئه‌م دیمه‌نه سییاسییه ئابوورییه تێكقژقژاوه گه‌ڕه‌لاوژێیه‌دا ده‌پرسین ئایا راده‌ست نه‌كردنی ( 250 ) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كوردستان به به‌غداوه، پرسێكی ئابوورییه و له په‌نای مایه‌پوچ بوون و داڕزانی نرخی نه‌وته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.. ئایا به راده‌ستكردنی ئه‌و بڕه نه‌وته باری لاربووه‌وه‌ی ئابووری عێراق راست ده‌كاته‌وه؟ یا هه‌ر بڕووبیانوو و هه‌نجه‌ته، وكارتی فشار و ههژموونێكه و مه‌به‌ستی سیاسیی له پشته تا به‌هۆیه‌وه پرسی ( راده‌ستكردن و نه‌كردن ) جارێكی دیكه ببێته سزا‌و سزای خه‌لكی كوردستان پێی بداته‌وه.
له‌كاتێكدا بارودۆخی ئابووری جیهان به‌گشتی به قۆناغێكی مه‌ترسیدار گوزه‌ر ده‌كا و ده‌رهاویشته‌كانی په‌تای فایرۆس كۆرۆنا كۆڤید 19 وا وورده وورده به‌دیار ده‌كه‌وێ و وڵاتانی زلهێزو ده‌وڵه‌مه‌ندانی دونیایێش له‌وه تێگه‌یشتوون كه ئه‌م قۆناغه بێ باجدانی زۆری ئابووری تێناپهڕێندرێ، ئه‌ی ئه‌م هه‌نجه‌ته‌ی به‌غدا له په‌نایی چییه‌وه‌یه ..؟ ده‌بێ نكۆڵی له‌و راستییه‌یش دا نه‌كه‌ینه‌وه كه‌وا خه‌ڵكی كوردستانی مارانگه‌سته‌ی تێگه‌یشتوو له ئاین و ئۆینهكانی به‌غدا له‌م هاوكێشه‌یه تێده‌گه‌ن كه ( به‌وه‌نده به‌رمیل نه‌وته‌ی كوردستان، هه‌ولێر ناتوانێ به‌غدا له مایه‌پووچ بوون رزگاربكات ).
ئه‌مرۆ خه‌ڵكی هوشمه‌ند و نیشتیمان په‌روه‌رانی كوردستان و هه‌ولێر، گاڵته‌یان به‌م داواكارییانه‌ی به‌غداوه دێت و دیوه شاراوه‌كه‌ی هه‌نجه‌تی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌روونی و ڕه‌وانی ده‌بینن و واده‌بینن ( وامێگهلی عێراق بهگاڕانهوه ئاوئاو ده‌چێت و، حه‌لیمه‌ی پیره‌ژنیش تازه به‌تازه له گۆڵكهسۆرهكه ده‌پێچێته‌وه ..).
نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لی كوردستان و به سه‌ركردایه‌تی سیاسیی وسه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمییه‌وه له مێژووی دوێنێیه‌وه تا ئه‌مرۆی هه‌موو ئه‌زموونه تاڵ وتفت و قێزهوەنهكانی سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن، راگوێزان، ره‌شبگیری و ڕه‌شه‌كوژی، كیمیاباران، جینۆساید و ئه‌نفال و برسیبوون و سه‌رمابرده‌یی و ئاواره‌یی له ده‌ست سیاسه‌تی رژێمه یه‌ك لهدواییهكانی عێراقی كۆن بینیووه و نهچهماوهتهوهو ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راده‌ستی هیچ فشار و ئه‌جندایه‌ك نه‌كردووه و ناشچهمێتهوه.
له‌عێراقی تازه‌ش دا به‌رامبه‌ر بڕینی بودجه‌و مووچه‌و گه‌مارۆو قه‌یرانی دارایی و ئابووری، به‌رامبه‌ر داعش و هێرش و له‌شكركێشی له پردێ و مه‌خموور و سحێلا نه‌چه‌مایه‌وه‌و قاره‌مان و خۆڕاگر بووه و هه‌میشه ( به‌رخودان ژیان )ی كردۆته ناونیشانی هه‌میشەیی ( سه‌رهه‌ڵدان ژیان )ه.
ئێستای خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی هوشیارتر و رژدترن له‌وسای به‌ر له 16 ی ئۆكتۆبه‌ر. ئێستا ئێره كوردستانی خاوه‌ن حكومه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می به‌هێزی خودان ئه‌زموونی داستانی پردێ و سحێلایه، له جاران چاوكراوه‌تر ده‌ڕواننه ئاینده‌و له مانا‌و مهغزاكان تێده‌گه‌ن و باشتر له خه‌ڵكی تر زلهێزان ده‌خوێننه‌وه.
ئێستایش كوردستان هه‌ر نیشتیمانه‌كه‌ی ( بارزانی - جبل الاشم )ه كه‌ی محمد مه‌هدی جه‌واهیرییه و ( ناونیشانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌یه )یێكه و نهچهماوهتهوهو نهدهچهمێتهوه، نهرادهستی كردووه نه راده‌ست ده‌كات.
ئێستا كوردستان و هه‌ولێر و گاڵته‌یان به‌و ته‌رزه وتار و وهعزانه دێت كه كه‌سانێك به مه‌رامی ئه‌جندای غه‌یره كوردستانی لێره‌و له‌وێ ده‌یده‌ن.
ئیدی ئه‌وه عێراقه، وڵاتی نیفاقه. هه‌روا بووه جارجار كه ته‌نگاو ده‌بێ، یا له شتێك له شته‌كان مایه‌پووچ ده‌رده‌چێ و گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وێته لێژی:
خۆیان گووته‌نی: ئه‌وا ( عادت حلیمه لعاداتها القدیمه ) یه.
ئیدی به‌كوردی و به‌كورتی:
ئه‌وه به‌غدای خاتوو حه‌لیمه، پێی ته‌رك ناكرێ، زوو زوو ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر عاداتی قه‌دیمه.